Biblia Todo Logo
အွန်လိုင်း သမ္မာကျမ်းစာ

- ကြော်ငြာတွေ -

كردار 8 - پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی

1 شاوول به‌ كوشتنی ئستیفانۆس ڕازی بوو. له‌و ڕۆژه‌دا وارگه‌ له‌ یروشلایم تووشی چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی توند هات. هه‌موو به‌ ناوچه‌كانی ئیهوود و شمرندا په‌رشوبڵاو بوونه‌وه‌، جگه‌ له‌ په‌یامبه‌ران.

2 هه‌ندێک پیاوی له‌خواترس ئستیفانۆسیان ناشت و پرسه‌یه‌كی گه‌وره‌یان بۆ دانا.

3 به‌ڵام شاوول هه‌ڵده‌كوتایه‌ نێو وارگه‌، ماڵ به‌ ماڵ ژن و پیاوی ڕاده‌كێشا و فڕێیده‌دانه‌ زیندان.

4 ئه‌وانه‌ی په‌رشوبڵاو ببوونه‌وه‌ ده‌گه‌ڕان و موژده‌ی وشه‌كه‌یان ده‌دا.

5 پیلیپوس شۆڕبووه‌وه‌ شارێكی شمرنی و مه‌سیحه‌كه‌ی بۆ ڕاده‌گه‌یاندن.

6 كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌ یه‌ک دڵ گوێیان له‌وه‌ ده‌گرت كه‌ پیلیپوس ده‌یووت، كاتێ ئه‌و نیشانانه‌یان ده‌بیست و ده‌بینی كه‌ ده‌یكرد.

7 ڕووحی گڵاویش له‌ زۆر كه‌س له‌وانه‌ی تیایاندا بوو به‌ ده‌نگی به‌رز هاواریان ده‌كرد و ده‌رده‌چوون، زۆر گۆج و شه‌لیش چاكبوونه‌وه‌.

8 جا شادییه‌كی گه‌وره‌ ئه‌و شاره‌ی گرته‌وه‌.

9 پێشتر له‌ شاره‌كه‌ پیاوێک هه‌بوو ناوی سیمۆن بوو، جادووی ده‌كرد و خه‌ڵكی شمرنی سه‌رسام كردبوو، ده‌یووت: من شتێكی مه‌زنم!.

10 گه‌وره‌ و بچووک هه‌موو دوای ده‌كه‌وتن و ده‌یانووت: “ئه‌مه‌یه‌ هێزی مه‌زنی خودا”.

11 ئه‌وان دوای ده‌كه‌وتن، چونكه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو به‌ جادووه‌كه‌ی سه‌رسامی كردبوون.

12 به‌ڵام كاتێ پیلیپوس موژده‌ی ده‌رباه‌ری پاشایه‌تی خودا و ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی پێدان، بڕوایان كرد، ژن و پیاویش عه‌مادكران.

13 سیمۆنیش به‌خۆی باوه‌ڕی هێنا، كاتێ عه‌مادكرا دوای پیلیپوس كه‌وت، نیشانه‌ و په‌رجوی گه‌وره‌ی ده‌بینی ده‌كرا، سه‌رسام بوو.

14 كاتێ په‌یامبه‌ران له‌ یروشلایم بیستیان شمرن وشه‌ی خودای په‌سه‌ند كردووه‌، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نیان بۆ ناردن.

15 كاتێ هاتن، نوێژیان بۆ كردن تاكو ڕووحی پارسا وه‌ربگرن،

16 چونكه‌ هێشتا نه‌هاتبووه‌ سه‌ر كه‌سیان، ته‌نها به‌ ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار عه‌مادكرابوون.

17 جا ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان و ڕووحی پارسایان وه‌رگرت.

18 كاتێ سیمۆن بینی به‌ ده‌ست دانانی په‌یامبه‌ران ڕووحه‌كه‌ ده‌درێت، پاره‌ی بۆ هێنان و

19 وتی: “ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ منیش بده‌ن، تاكو ده‌ست له‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێک دابنێم ڕووحی پارسا وه‌ربگرێت”.

20 په‌تڕۆس پێی وت: “با زیوه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ خۆت له‌ناوبچێت! چونكه‌ واتزانی به‌هره‌ی خودا به‌ پاره‌ دسێنرێت!

21 له‌م شته‌دا نه‌ به‌شت هه‌یه‌ و نه‌ پشک، چونكه‌ دڵت به‌رامبه‌ر خودا ڕاست نییه‌.

22 له‌م خراپه‌یه‌ت تۆبه‌ بكه‌ و له‌ په‌روه‌ردگار بپاڕێوه‌ به‌ڵكو له‌ هزری دڵت خۆش بێت،

23 چونكه‌ ده‌تبینم له‌ تاڵی تاڵاو و به‌ندی گوناهیت”.

24 سیمۆن وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ئێوه‌ له‌ پێناوی من داوا له‌ په‌روه‌ردگار بكه‌ن، تاكو هیچ شتێک له‌وه‌ی باستان كرد به‌ سه‌رمدا نه‌یه‌ت”.

25 ئینجا دوای ئه‌وه‌ی گه‌واهییان دا و به‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار قسه‌یان كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ یروشلایم و موژده‌یان دایه‌ زۆر گوندی شمرنی.

26 ئینجا فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له‌گه‌ڵ پیلیپوس دووا و وتی: “هه‌سته‌ و به‌ره‌و باشوور بڕۆ، له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ی له‌ یروشلایمه‌وه‌ بۆ غه‌زه‌ شۆڕ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ چۆڵه‌وانییه‌”.

27 ئه‌ویش هه‌ستا و ڕۆیشت، پیاوێكی خه‌ساوی حه‌به‌شی، شالیاری دارایی كنداكه‌ی شاژنی حه‌به‌شه‌ بوو، بۆ كڕنۆشبردن هاتبووه‌ یروشلایم.

28 له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دابوو، له‌نێو گالیسكه‌كه‌ی دانیشتبوو، سیپاره‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ری ده‌خوێنده‌وه‌.

29 ڕووحی پارسا به‌ پیلیپوسی فه‌رموو: “بڕۆ پێش و به‌گه‌ڵ ئه‌و گالیسكه‌یه‌ بكه‌وه‌”.

30 ئیتر پیلیپوس په‌له‌ی كرد و گوێی لێبوو سیپاره‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ر ده‌خوێنێته‌وه‌. وتی: “ئایا ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنیته‌وه‌ تێیده‌گه‌یت؟”

31 وتی: “چۆن بتوانم ئه‌گه‌ر یه‌كێک ڕێبه‌رایه‌تیم نه‌كات؟”. جا پیلیپوسی بانگكرد سه‌ربكه‌وێت و له‌گه‌ڵی دابنیشێت.

32 ئه‌و بڕگه‌یه‌ی سیپاره‌كه‌ كه‌ ده‌یخوێنده‌وه‌ ئه‌مه‌ بوو: {وه‌ک كاوڕ بۆ سه‌ربڕین بردرا، وه‌ک به‌رخێكی بێده‌نگ له‌به‌رده‌ست ئه‌وه‌ی خوری لێده‌بڕێته‌وه‌، ئاوا ده‌می نه‌كرده‌وه‌.

33 له‌ خاكساریی خۆی بوو و مافی لێ زه‌وت كرا. نه‌وه‌كانی كێ باسیان بكات؟ چونكه‌ ژیانی له زه‌وی هه‌ڵگیرا}.

34 خه‌ساوه‌كه‌ پرسی له‌ پیلیپوس كرد و وتی: “پرسێكم هه‌یه‌: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ باسی كێ ده‌كات؟ باسی خۆی یان یه‌كێكی دیكه‌؟”

35 پیلیپوس ده‌می كرده‌وه‌ و له‌م سیپاره‌یه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد موژده‌ی ئیشۆعی پێ دا.

36 كاتێ به‌ ڕێگاوه‌ بوون، گه‌یشتنه‌ سه‌ر ئاوێک، خه‌ساوه‌كه‌ وتی: “ئه‌وه‌ ئاوه‌، چی ڕێم لێ ده‌گرێت عه‌ماد بكرێم؟”

37 پیلیپوس وتی: “ده‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌ هه‌موو دڵته‌وه‌ باوه‌ڕ بهێنیت”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “باوه‌ڕ ده‌هێنم كه‌ ئیشۆعی مه‌سیح ڕۆڵه‌ی خودایه‌”.

38 ئینجا فه‌رمانی دا گالیسكه‌كه‌ ڕاوه‌ستێ، پێكه‌وه‌ چوونه‌ نێو ئاوه‌كه‌، پیلیپوس خه‌ساوه‌كه‌ی عه‌مادكرد.

39 كاتێ له‌ ئاوه‌كه‌ ده‌رچوون، ڕووحی په‌روه‌ردگار پیلیپوسی ڕفاند و ئیتر خه‌ساوه‌كه‌ نه‌یبینییه‌وه‌، به‌ شادییه‌وه‌ به‌ ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.

40 پیلیپوسیش له‌ ئه‌شدود بینرایه‌وه‌، دواتر به‌ هه‌موو شاره‌كاندا ده‌گه‌ڕا و موژده‌ی ده‌دا تاكو گه‌یشته‌ قه‌یسه‌ڕییه‌.

© Bible Society in Lebanon (2017)

کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧

Bible Society in Lebanon
ကြှနျုပျတို့နောကျလိုကျပါ:



ကြော်ငြာတွေ