Biblia Todo Logo
အွန်လိုင်း သမ္မာကျမ်းစာ

- ကြော်ငြာတွေ -

ئاشکراکردن 6 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


حەوت مۆرەکە

1 سەیرم کرد کە بەرخەکە یەکێک لە حەوت مۆرەکەی کردەوە. ئینجا گوێم لێبوو یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە بە دەنگێکی وەک هەورەگرمە گوتی: «وەرە!»

2 تەماشام کرد و ئەسپێکی سپیم بینی. سوارەکەی کەوانێکی بەدەستەوە بوو و تاجێکی پێدرابوو، بە سەرکەوتنەوە دەرچوو تاکو سەربکەوێت.

3 کاتێک بەرخەکە مۆری دووەمی کردەوە، گوێم لە بوونەوەری دووەم بوو گوتی: «وەرە!»

4 ئەسپێکی دیکەی سووری درەوشاوە هاتە پێشەوە، سوارەکەی دەسەڵاتی پێدرابوو ئاشتی لە زەویدا نەهێڵێت تاکو خەڵک یەکتری بکوژن. هەروەها شمشێرێکی گەورەی پێدرابوو.

5 کاتێک بەرخەکە مۆری سێیەمی کردەوە، گوێم لێبوو بوونەوەری سێیەم گوتی: «وەرە!» سەیرم کرد، ئەسپێکی ڕەشم بینی، سوارەکەی تەرازووێکی بەدەستەوە بوو.

6 گوێم لێبوو دەنگێک لە ناوەڕاستی چوار بوونەوەرەکەدا دەیگوت: «یەک مشت گەنم بە دینارێک، سێ مشت جۆ بە دینارێک، بەڵام زیان بە ڕۆن و شەرابەکە مەگەیەنە.»

7 کاتێک بەرخەکە مۆری چوارەمی کردەوە، گوێم لە دەنگی بوونەوەری چوارەم بوو گوتی: «وەرە!»

8 تەماشام کرد، ئەسپێکی زەردباوم بینی، سوارەکەی ناوی «مردن» بوو، یەکێکی دیکە بە ناوی «جیهانی مردووان» دوای کەوتبوو. هەردووکیان دەسەڵاتیان پێدرابوو کە چارەکی دانیشتووانی زەوی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد و بە دڕندە کێوییەکانی زەوی بکوژن.

9 کاتێک مۆری پێنجەمی کردەوە، لەژێر قوربانگادا ڕۆحی ئەوانەم بینی لەبەر پەیامی خودا و لەبەر ئەو شایەتییەی لەلایان بوو کوژرابوون.

10 بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدانی باڵادەست، پیرۆز و ڕاست، هەتا کەی حوکمیان نادەیت و تۆڵەی خوێنی ئێمە لە دانیشتووانی سەر زەوی ناستێنی؟»

11 جا هەریەکەیان جلێکی سپییان درایێ و پێیان گوترا ماوەیەک بحەسێنەوە، هەتا بەندە هاوکارەکان و خوشک و براکانیان کە وەک ئەوان دەکوژرێن تەواو دەبن.

12 تەماشام کرد کە مۆری شەشەمی کردەوە، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و خۆر وەک جلوبەرگی ماتەم ڕەش هەڵگەڕا، مانگیش وەک خوێن سوور هەڵگەڕا و

13 ئەستێرەکانی ئاسمان کەوتنە زەوی، وەک دار هەنجیر کاتێک بایەکی توند دەیهەژێنێت، بەرەکەی دەکەوێت.

14 ئاسمان وەک تۆمارێکی لوولکراو لەبەرچاو ون بوو، هیچ چیا و دوورگەیەک لە شوێنی خۆی نەما.

15 پاشایانی سەر زەوی و گەورە و سوپاسالار و دەوڵەمەند و بەهێز و هەموو کۆیلە و ئازادێک، خۆیان لە ئەشکەوت و تاشەبەردی چیادا حەشار دا.

16 بە چیا و بەردیان دەگوت: «بکەونە سەرمان تاکو لە ڕووی دانیشتووی سەر تەختەکە و تووڕەیی بەرخەکە بمانشارنەوە!

17 چونکە ڕۆژی تووڕەبوونە گەورەکەیان هاتووە و کێ دەتوانێت خۆی ڕابگرێت؟»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
ကြှနျုပျတို့နောကျလိုကျပါ:



ကြော်ငြာတွေ