Biblia Todo Logo
အွန်လိုင်း သမ္မာကျမ်းစာ

- ကြော်ငြာတွေ -

پەندەکانی سلێمان 31 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


قسەی لەموئێلی پاشا

1 قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد:

2 گوێ بگرە ڕۆڵە! گوێ بگرە، ڕۆڵەی هەناوم! گوێ بگرە ڕۆڵە، ڕۆڵەی نەزرەکانم!

3 هێزت مەدە ژنان، ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان.

4 ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە، بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن، بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن،

5 نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن، مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن.

6 ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت، شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە.

7 با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات، ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد.

8 بەرگری لە مافی ئەو کەسانە بکە کە ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن، بۆ مافی هەموو دەربەدەران.

9 دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە، پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە.


بەشی کۆتایی : ژنی خانەدان

10 کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟ نرخی لە یاقووت گرانترە.

11 مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و لە هیچی کەم نابێت.

12 ژنەکە بە درێژایی ژیانی چاکە دێنێتە سەر ڕێی نەک خراپە.

13 خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت، بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات.

14 وەک کەشتی بازرگان وایە، خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت.

15 هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت، خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات.

16 لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت، بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت.

17 ناوقەدی توند دەبەستێت و بازووی لێ هەڵدەکات.

18 دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە، بە شەو چرای ناکوژێتەوە.

19 خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و تەشی لەناو لەپیدایە.

20 دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و دەست درێژ دەکات بۆ نەداران.

21 ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر، چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان لەبەردایە.

22 چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات، کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات.

23 مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە، لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت.

24 ژنەکە کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت، پشتێن بۆ بازرگانان دابین دەکات.

25 هێز و ڕێز بەرگی ئەون، پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئاییندە.

26 دەمی بە دانایی دەکاتەوە و فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی.

27 چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات، نانی تەمبەڵی ناخوات.

28 منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن، مێردەکەشی ستایشی دەکات:

29 «زۆر ژن خانەدان بوونە، بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.»

30 شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە، بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت.

31 ڕەنجی شانی خۆی پێ بدەن و با کردەوەکانی لەبەر دەروازەکانی شاردا ستایشی بکەن.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
ကြှနျုပျတို့နောကျလိုကျပါ:



ကြော်ငြာတွေ