Biblia Todo Logo
အွန်လိုင်း သမ္မာကျမ်းစာ

- ကြော်ငြာတွေ -

دەرچوون 27 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


قوربانگای قوربانی سووتاندن

1 «قوربانگاش لە داری ئەکاسیا دروستبکە، درێژییەکەی پێنج باڵ و پانییەکەی پێنج باڵ بێت، قوربانگاکە چوارگۆشە بێت، بەرزاییەکەشی سێ باڵ بێت.

2 قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بێت، قۆچەکان لە خۆی بێت و بە بڕۆنز ڕووکەشی بکە.

3 تەشتەکانی کە بۆ هەڵگرتنی خۆڵەمێشەکەی و هەروەها خاکەناز، تاس، چەنگاڵ، مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکەی لە بڕۆنز دروستبکە.

4 کەتیبەیەکی وەک تۆڕیشی بۆ دروستبکە لە بڕۆنز، لەسەر تۆڕەکەش چوار ئەڵقەی بڕۆنز لەسەر هەر چوار لایەکەی دروستبکە.

5 بیخە ژێر لێواری قوربانگاکە و تۆڕەکەش هەتا ناوەڕاستی قوربانگاکە بێت.

6 دوو داریش بۆ قوربانگاکە لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە بڕۆنز ڕووکەشیان بکە.

7 دوو دارەکەش بخەرە ناو ئەڵقەکانەوە، ئیتر دارەکان بە هەردوو لای قوربانگاکەوە دەبن لە کاتی هەڵگرتنی.

8 قوربانگاکەش لە تەختە دروستبکە و ناوەکەی بۆش بێت. هەروەک لە کێوەکە پیشانت درا ئاوای دروستبکە.


حەوشەی چادرەکەی پەرستن

9 «حەوشەی چادرەکەی پەرستنیش لەلای باشوور دروستبکە، بۆ حەوشەکە چەند پەردەیەک دەبێت لە کەتانی ڕستراو بە درێژی سەد باڵ بۆ یەک لا،

10 کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن.

11 ئاواش بۆ لای باکوور لە درێژیدا پەردەکان سەد باڵ درێژ بن، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە بن و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن.

12 «لە پانی حەوشەکەش بەرەو ڕۆژئاوا چەند پەردەیەک بە درێژایی پەنجا باڵ و کۆڵەکەکانی دە دانە و بنکەکانیشی دە.

13 لە پانی حەوشەکەش لەلای ڕۆژهەڵات و ڕووەو خۆر هەڵاتن پەنجا باڵ.

14 چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی بە درێژی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن.

15 بۆ لایەکەی دیکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن.

16 «بۆ دەروازەی حەوشەکەش پەردەیەک کە بیست باڵ درێژ و لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک و کۆڵەکەکانی چوار و بنکەکانیشی چوار بن.

17 هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکەش ئەڵقەی زیویان هەبێت بە دەوریان و قولاپەکانی لە زیو و بنکەکانی لە بڕۆنز بن.

18 درێژایی حەوشەکە سەد باڵ بێت و پانییەکەی پەنجا بە پەنجایە و بەرزاییەکەشی پێنج باڵ و لە کەتانی ڕستراو و بنکەکانیشی لە بڕۆنز بن.

19 هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی دیکە کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێن، بە هەر شێوەیەک بەکاردێت، لەگەڵ هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە، دەبێت لە بڕۆنز دروستکرابن.


زەیت بۆ چرادانەکە

20 «تۆش فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن، هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت.

21 لەناو چادری چاوپێکەوتن لە دەرەوەی پەردەکە ئەوەی لەبەردەم سندوقی پەیمانە، هارون و کوڕەکانی لە ئێوارەوە هەتا بەیانی لەبەردەم یەزدان ڕێکی بخەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانیان لەنێو نەوەی ئیسرائیل.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
ကြှနျုပျတို့နောကျလိုကျပါ:



ကြော်ငြာတွေ