Biblia Todo Logo
အွန်လိုင်း သမ္မာကျမ်းစာ

- ကြော်ငြာတွေ -

یەکەم ساموئێل 31 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


خۆکوشتنی شاول

1 فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن.

2 فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکی‌شوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت.

3 جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و بە سەختی پێکایان.

4 شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنەنەکراوانە بێن و بمکوژن و سووکایەتیم پێ بکەن.» بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا.

5 کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و لەگەڵ ئەو مرد.

6 لەو ڕۆژەدا شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەڵگری تفاقەکانی و هەموو پیاوەکانی پێکەوە مردن.

7 کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوبەری دۆڵەکە و لەوبەری ڕووباری ئوردون بوون، بینییان کە سوپای ئیسرائیل هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.

8 بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و سێ کوڕەکەی ئەویان دۆزییەوە، لە کێوی گلبۆع کەوتبوون.

9 ئینجا سەری شاولیان بڕی و زرێیەکەیان لێی داماڵی، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە پەرستگای بتەکانیان و گەلەکەیان.

10 ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای عەشتۆرەتەکاندا دانا و لاشەکەیان بە دیواری بێت‌شانەوە هەڵواسی.

11 کاتێک دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو،

12 هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و بە درێژایی ئەو شەوە بە ڕێگادا ڕۆیشتن، لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانیان لە دیواری بێت‌شانەوە برد و هێنایانە یاڤێش، لەوێ سووتاندیان و

13 ئێسکەکانیان برد و لەژێر دار گەزەکەدا لە یاڤێش ناشتیان. حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
ကြှနျုပျတို့နောကျလိုကျပါ:



ကြော်ငြာတွေ