Biblia Todo Logo
အွန်လိုင်း သမ္မာကျမ်းစာ

- ကြော်ငြာတွေ -

یەکەم ساموئێل 29 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


ناردنەوەی داود بۆ چیقلەگ

1 فەلەستییەکان هەموو لەشکرەکانیان لە ئەفێق کۆکردەوە، ئیسرائیلییەکانیش لەسەر ئەو کانییەی لە یەزرەعیل بوو خێوەتگایان دامەزران.

2 ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان بە یەکەکانی سەدان و هەزاران تێپەڕ بوون، داود و پیاوەکانیش لە دوایانەوە لەگەڵ ئاخیش تێپەڕین.

3 جا سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان: «ئەو عیبرانیانە چین؟» ئاخیش بە سەرلەشکرە فەلەستییەکانی گوت: «ئەی ئەمە داودی پیاوی شاولی پاشای ئیسرائیل نەبوو؟ ئەوە زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵمدایە، لەو کاتەوەی هاتووەتە پاڵمان هەتا ئەمڕۆ هیچم لێ نەبینیوە.»

4 بەڵام سەرلەشکرە فەلەستییەکان لێی تووڕە بوون و پێیان گوت: «ئەم پیاوە بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی بۆت دیاری کردووە. نابێت لەگەڵمان بێت بۆ جەنگ، ئەگینا لە کاتی شەڕدا لە دژمان هەڵدەگەڕێتەوە. چ شتێک لە سەری ئەم پیاوانەی ئێمە باشتر دەتوانێت دووبارە متمانەی گەورەکەی بەدەست بهێنێتەوە؟

5 ئەی ئەمە ئەو داودە نییە کە ئافرەتان بەدەم سەماوە گۆرانییان بۆی دەگوت: «”شاول هەزارانی کوشت و داودیش دەیان هەزار.“»

6 ئینجا ئاخیش داودی بانگکرد و پێی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، تۆ سەرڕاستیت، ئەگەر بێت و لەگەڵ من خزمەتی سەربازی بکەی، لەلام پەسەندە، چونکە لەو ڕۆژەوەی هاتوویت بۆ لام هەتا ئەمڕۆ هیچ خراپەیەکم لە تۆدا نەبینیوە، بەڵام بەلای فەرماندە فەلەستییەکانەوە پەسەند نیت.

7 ئێستا بگەڕێوە و بە سەلامەتی بڕۆ، هیچ خراپەیەک لەبەرچاوی فەرماندە فەلەستییەکاندا مەکە.»

8 ئینجا داود بە ئاخیشی گوت: «من چیم کردووە، لەو ڕۆژەوەی بۆ لات هاتووم هەتا ئەمڕۆ چیت لە خزمەتکارەکەت بینیوە، هەتا نەیەم و جەنگ لە دژی دوژمنەکانی پاشای گەورەم نەکەم؟»

9 ئاخیشیش وەڵامی دایەوە و بە داودی گوت: «من دەزانم تۆ لەلای من پەسەندیت، لەلای من وەک فریشتەی خودایت، بەڵام سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان: ”نابێت لەگەڵماندا بۆ جەنگ دابەزێت.“

10 ئێستاش بەیانی زوو هەستە و لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەت ئەوانەی لەگەڵتدا هاتوون، لەگەڵ ڕۆشنایی بەرەبەیاندا بڕۆن.»

11 ئینجا بەیانی زوو داود و پیاوەکانی هەستان بۆ ئەوەی لە بەرەبەیان بەڕێ بکەون و بگەڕێنەوە خاکی فەلەستییەکان، فەلەستییەکانیش بۆ یەزرەعیل سەرکەوتن.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
ကြှနျုပျတို့နောကျလိုကျပါ:



ကြော်ငြာတွေ