31 ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی زمانیان دەخەنەگەڕ و ڕایدەگەیەنن: ”ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“
سدقیای کوڕی کەنعەنا کە دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستکردبوو، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەمە ورگی ئارامییەکان دەدڕیت هەتا لەناو دەچن.“»
ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغەمبەرەکانی کۆکردەوە، نزیکەی چوار سەد پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەوانیش گوتیان: «بڕۆ، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»
بە پێشبینیکەر دەڵێن: «پێشبینی مەکە!» بەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت دەڵێن: «پەیامی ڕاستمان پێ ڕامەگەیەنە! قسەی لووسمان بۆ بکە، خەونی تەفرەدەر ببینە!
ئەوانەی سووکایەتی بە من دەکەن، دەڵێن، ”یەزدان دەفەرموێت، ئاشتیتان بۆ دەبێت.“ هەروەها هەموو ئەوانەی بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتوون، دەڵێن، ”خراپەتان بەسەرنایەت.“
یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی فەرموودەکان لە یەکتری دەدزن، جا دەڵێن کە لە منەوە هاتووە.
ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم کە بە خەونی درۆوە پێشبینی دەکەن، ئەوانەی بە شانازییەوە درۆکانیان دەگێڕنەوە و گەلەکەم گومڕا دەکەن، بەڵام من نە ناردوومن و نە فەرمانم پێکردوون. هیچ سوودێکیش بەم گەلە ناگەیەنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ئینجا یەرمیا پێغەمبەر بە حەنەنیا پێغەمبەری گوت: «حەنەنیا گوێ بگرە! یەزدان تۆی نەناردووە، تۆش وات کردووە ئەم گەلە پشت بە درۆ ببەستێت.
جا حەنەنیای پێغەمبەر لە مانگی حەوتی ئەو ساڵەدا مرد.
ئەگەر درۆزن و چەواشەکار بێت و بڵێت: ”پێشبینیت بۆ دەکەم، سەبارەت بە شەراب و مەی زۆر دەبێت،“ ئەوا ئەو دەبێتە پێغەمبەری ئەم گەلە!
بەڵام ئەو پێغەمبەرەی لووتبەرز دەبێت و بە ناوی منەوە قسەیەک دەکات کە من فەرمانم پێی نەکردووە بیکات، یان ئەوەی بە ناوی خودای دیکەوە قسە بکات، ئەو پێغەمبەرە دەبێت بمرێت.»