4 جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات بە هێزی یەزدان، بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی. جا بە ئاسوودەیی دەژین، چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی.
بە گۆچانەکەت شوانایەتی گەلەکەت بکە، مێگەلی میراتەکەت، ئەوەی بە تەنها لە دارستان نیشتەجێیە لە ناوەڕاستی ڕەزەکان. با لە باشان و گلعاد بلەوەڕێن وەک ڕۆژگاری کۆن.
پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە.
فریشتەی حەوتەمیش کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە هاتن و گوتیان: «شانشینی جیهان بووەتە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی، مەسیحیش بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات.»
ئێوە کە بە هێزی خودا پاسەوانی کراون بە باوەڕ، بۆ ئەو ڕزگارییەی ئامادەیە لە کۆتایی زەمانە ڕابگەیەنرێ.
لە یەهوزاوە، بەندەی عیسای مەسیح و برای یاقوب، بۆ بانگکراوەکان، ئەوانەی خودای باوک خۆشی دەوێن و بەهۆی عیسای مەسیحەوە پارێزراون:
ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە ئێمەی بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بە هەموو بەرەکەتێکی ڕۆحی لە شوێنەکانی ئاسماندا بەرەکەتدار کردووە،
عیسا پێی فەرموو: «دەستم لێ مەدە، چونکە هێشتا بۆ لای باوک بەرز نەبوومەتەوە. بەڵام بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: ”من بەرز دەبمەوە بۆ لای باوکم و باوکتان، خودام و خوداتان.“»
بەڵام ئەگەر ئەو کارانە بکەم، هەرچەندە باوەڕیشم پێ ناکەن، باوەڕ بەو کارانە بکەن، تاکو بزانن و تێبگەن کە باوک لە مندایە و منیش لە باوکدام.»
«کاتێک کوڕی مرۆڤ بە شکۆمەندی خۆیەوە دێتەوە و هەموو فریشتەکانیش لەگەڵیدان، لەسەر تەختی شکۆمەندیی خۆی دادەنیشێت.
منیش پێت دەڵێم، تۆ پەترۆسی و لەسەر ئەم بەردە کۆمەڵەی خۆم بنیاد دەنێم کە دەروازەکانی دۆزەخ پێی ناوێرێت.
«﴿بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی خاکی یەهودا، کەمتر نیت لە شارۆچکەکانی دیکەی یەهودا، چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت، شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.﴾»
گالیسکەی جەنگ لە ئەفرایم لەناودەبەم و ئەسپیش لە ئۆرشەلیم، کەوانی جەنگ دەشکێنرێت. ئەو پاشایە ئاشتی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت، فەرمانڕەوایەتییەکەی لە دەریاوە بۆ دەریایە و لە ڕووباری فوراتیشەوە هەتا ئەوپەڕی زەوییە.
ببینە، بەندەکەم وا بە وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکات، بەرز و بڵند و زۆر پایەبەرز دەبێت.
ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت، یەزدان کە لە سکی دایکمەوە شێوەی منی کێشا، بۆ ئەوەی ببم بە بەندەی خۆی، تاوەکو یاقوب بۆ لای ئەو بگەڕێنمەوە و ئیسرائیلیش بخەمەوە پاڵ ئەو، جا لەبەرچاوی یەزدان شکۆمەند دەبم و خوداشم دەبێتە هێزم،
تاکو پاڵەوانیێتیت لەلای هەموو ئادەمیزادێک زانراو بێت، هەروەها پایەبەرزی شکۆی شانشینەکەت.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی، بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا، ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.
یەزدان پاشایەتی دەکات، پایەبەرزی لەبەر دەکات، یەزدان هێزی لەبەر دەکات و لە خۆی بەستووە، هەروەها جیهان چەسپاوە و ناهەژێت.
هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری، با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات. ئامین و ئامین.
لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو، هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،
لێی ئاگاداربن و گوێ لە فەرمایشتی بگرن و تووڕەی مەکەن، چونکە لە یاخیبوونتان نابوورێت، لەبەر ئەوەی ناوی منی تێدایە.
یەزدان بازووی پیرۆزی خۆی هەڵدەکات لەبەرچاوی هەموو نەتەوەکان، هەر چوار لای زەویش ڕزگاریی خودای ئێمە دەبینن.
«ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت، ئەی هەموو لایەکانی زەوی، چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.
«یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە، لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە! لە شوانەکە بدە، مەڕەکان پەرت دەبن، پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.»
بە چاوی خۆتان دەبینن و دەڵێن: ”یەزدان مەزنە، تەنانەت لەو دیوی سنووری ئیسرائیلیشەوە!“»
لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە ئاوی ڕووبارە بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت، مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی. جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،