Biblia Todo Logo
Bib sou entènèt

- Piblisite -




ئیشایا 60:21 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد

21 لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن، زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت. ئەوەی من ناشتوومن نەمامن، دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم.

Gade chapit la Kopi




ئیشایا 60:21
51 Referans Kwoze  

وەڵامی دایەوە: «هەر ڕووەکێک باوکی ئاسمانیم نەیچاندبێت، هەڵدەکەنرێت.


ئەوانەی یەزدان بەرەکەتداری کردوون دەبن بە میراتگری خاکەکە، بەڵام ئەوانەی بەر نەفرەتی کەوتوون دوایان دەبڕدرێتەوە.


بەڵام بێفیزەکان دەبن بە میراتگری خاکەکە و خۆشی لە زۆری ئاشتی دەبینن.


کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم لەنێویاندا دەبینن، وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن، دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا دەنێن، لە خودای ئیسرائیل دەترسن.


هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە. هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات.


ناردوومی بۆ ئەوەی بە پرسەدارەکانی سییۆن ببەخشم، تاجێکی جوانیان لەسەر بنێم لە جێی قوڕ، زەیتی دڵخۆشی لە جێی پرسە، هەروەها بەرگی ستایش لە جێی ڕۆحی ورەبەردان. جا پێیان دەگوترێت دار بەڕووی ڕاستودروستی، نەمامی یەزدان بۆ دەرخستنی شکۆمەندییەکەی.


لە ماڵی یەزدان ڕواون، لە حەوشەی ماڵەکەی خودامان گەشە دەکەن.


هیچ شتێکی گڵاو و هیچ کەسێکی قێزەون و درۆزن ناچنە ناوی، بەڵکو تەنها ئەوانەی کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نووسراوە.


ئێمە دروستکراوی دەستی خوداین و بە یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح دەبینە بەدیهێنراوێک بۆ کاری چاکە، کە خودا پێشتر ئامادەی کردووە تاکو بە ئەنجامی بگەیەنین.


خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان، چونکە زەوییان بە میراتیی بۆ دەمێنێتەوە.


چیتر ناوت نانرێت «بەجێماو» و چیتر بە خاکەکەت ناگوترێت «وێرانە»، بەڵکو پێت دەگوترێت «حەفچیڤا»، خاکەکەشت، «بەعولە»، چونکە یەزدان بە تۆ دڵخۆش دەبێت، خاکەکەشت مێردی دەبێت.


گەلەکەم لە جێی ڕیسوایی، دوو ئەوەندە میراتی وەردەگرن، لە جێی شەرمەزاربوون، بە بەشی خۆیان دڵخۆش دەبن. ئیتر لە خاکەکەیان دوو هێندە میرات وەردەگرن، خۆشی هەتاهەتاییان بۆ دەبێت.


کاتێک هاوار دەکەیت، با بتە کۆکراوەکانت فریات بکەون! بای گێژەڵوکە هەموویان هەڵدەگرێت، تەنانەت شنەبا دەیانبات. بەڵام ئەوەی پەنای داوەتە پاڵ من دەبێت بە میراتگری خاکەکە، کێوی پیرۆزم دەبێت بە موڵکی.»


ئەی سییۆن، بەئاگا بە! بەئاگا بە! بەرگی هێزت لەبەر بکە، ئەی ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز، بەرگی جوانیت بپۆشە، چونکە ئیتر لەمەودوا نایەتە ناوت خەتەنەنەکراو و گڵاو.


تەماشای ئیبراهیمی باوکتان بکەن، بڕواننە سارا، ئەوەی ئێوەی بووە، چونکە کە بانگم کرد تەنها یەک کەس بوو، بەرەکەتدارم کرد و زۆرم کرد.


«یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی، ئەمە دەفەرموێت: دەربارەی ئەوانەی دێت، ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن، سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامدەسپێرن؟


ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە باسی ستایشم دەکەن.


هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن، بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون، شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.»


ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم.


ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان و فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن.»


بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی، ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، کە ڕاستودروستی تێیدا نیشتەجێیە.


کاتێک لەو ڕۆژەدا دێتەوە، تاکو لەلایەن گەلە پیرۆزەکەیەوە ستایش بکرێت و ببێتە جێی سەرسامی لەنێو هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، چونکە لەلای ئێوە شایەتییەکەمان باوەڕی پێ کرا.


تاکو لە دنیای داهاتوو دەوڵەمەندی نیعمەتی بێ هاوتای خۆی لە ڕێگەی میهرەبانییەکەیەوە بۆ ئێمە دەربخات کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکین.


بۆ ئەوەی ئێمە کە یەکەمین بووین هیوای خۆمان بە مەسیحەوە گرێ بدەین، ببینە مایەی ستایشکردن بۆ شکۆی مەسیح.


ئەمەش دەبێتە مایەی ستایشکردنی نیعمەتە شکۆدارەکەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خۆشەویستیەوە بەخۆڕایی پێیداوین.


بە منی فەرموو: «تۆ بەندەی منیت، ئیسرائیل، ئەوەی بەهۆیەوە شکۆی خۆم دەردەخەم.»


ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، چونکە یەزدان ئەمەی کرد؛ ئەی ناخی زەوی، هاوار بکەن! هاواری خۆشی بکەن، ئەی چیاکان، ئەی دارستان و هەموو دارێک کە تێیدایە، چونکە یەزدان یاقوبی کڕییەوە و لە ئیسرائیل شکۆدارە.


ئەوەی یەزدانی سوپاسالار بەرەکەتداریان دەکات و دەفەرموێت: «بەرەکەتدار بێت میسری گەلی من و ئاشوری دەستکردی من و ئیسرائیلی میراتی من.»


لەوپەڕی زەوییەوە گوێمان لە گۆرانییەک بوو: «شکۆمەندی بۆ خودای ڕاستودروست!» جا گوتم: «فەوتام! فەوتام! قوڕبەسەرم! ناپاکان ناپاکییان کرد! ناپاکان ناپاکییان لە ناپاکی کرد!»


دەروازەکان بکەنەوە با نەتەوەی ڕاستودروست پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە.


«ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە، با هەورەکان بیپرژێنێت. با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە ڕزگاری بەر بگرێت و ڕاستودروستی سەرهەڵبدات؛ من یەزدانم بەدیم هێنا.


سەبارەت بە من دەڵێن: ”ڕاستودروستی و هێز تەنها بە یەزدانە.“» هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،


بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.


وەک زەوی کە چەکەرەی ڕووەکی خۆی دەردەخات و وەک باخچە کە چێنراوەکانی دەڕوێنێت، ئاواش یەزدانی باڵادەست ڕاستودروستی و ستایش لەبەردەم هەموو نەتەوەکان دەڕوێنێت.


بەڵام ئەی یەزدان، تۆ باوکی ئێمەیت، ئێمە قوڕین و تۆ گۆزەکەری ئێمەیت و ئێمە هەموو دەستکردی تۆین.


بەڵکو لە یاقوبەوە نەوەیەک دەردەکەم، لە یەهوداشەوە ئەوانەی دەبنە میراتگری چیاکانم. جا چیاکان دەبن بە میراتی هەڵبژێردراوانم و بەندەکانم لەوێ نیشتەجێ دەبن.


نەمامێکیان بۆ دەڕوێنم بۆ ناوبانگ، لەمەودوا لە خاکەکەدا نابنە نێچیری قاتوقڕی و چیتر نابنە مایەی تانە و تەشەری نەتەوەکان.


کە گەڕامەوە ئەوەتا لە کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ داری زۆری لێ بوون.


لە خاکەکەیاندا دەیانچێنم، هەرگیز لەو خاکەی کە پێم داون هەڵناکەنرێن.» یەزدانی پەروەردگارت دەفەرموێت.


شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە،


یەزدان تەمەنی ئەوانە دەزانێت کە بێ کەموکوڕین، هەتاهەتایە میراتیان دەمێنێت.


ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری خاکەکە و هەتاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن.


هەر چەکێک لە دژی تۆ شێوەی بکێشرێت سەرناکەوێت و هەر زمانێک لە دادگا لە دژی تۆ ڕادەوەستێت بەرپەرچی دەدەیتەوە. ئەمە میراتی خزمەتکارانی یەزدانە، بێتاوانیتان لەلایەن منەوەیە،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.


چاوم دەخەمە سەریان بۆ چاکە و دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە و بنیادیان دەنێم و نایانڕووخێنم، دەیانچێنم و ڕیشەکێشیان ناکەم.


پێیان شاد دەبم کە چاکەیان لەگەڵدا بکەم، بە دڵنیاییەوە، بە هەموو دڵم و لە ناخمەوە، لەم خاکەدا دەیانڕوێنم.


«لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“


لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە دامە یاقوبی بەندەم، ئەوەی باوباپیرانتان تێیدا نیشتەجێ بوون. جا خۆیان و منداڵ و نەوەکانیان بۆ هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێ دەبن، داودی بەندەشم بۆ هەتاهەتایە دەبێتە میریان.


بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت، پیرۆز دەبێت، بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن.


پاشماوەی ئیسرائیلیش چیدی خراپە ناکەن، درۆ ناکەن، لە دەمیاندا زمانی هەڵخەڵەتێنەر نامێنێت، چونکە بە ئاسوودەیی دەخۆن و ڕادەکشێن، کەسیش نییە بیانترسێنێت.»


Swiv nou:

Piblisite


Piblisite