22 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من دەست بۆ نەتەوەکان بەرز دەکەمەوە، بۆ گەلانیش ئاڵای خۆم بەرز دەکەمەوە، جا کوڕەکانت بە باوەش دەهێنن و کچەکانیشت لەسەر شانیان هەڵدەگرن.
خەڵکی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوورەوە دێن و لە شانشینی خودا لەسەر خوان دادەنیشن.
ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون، دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و ناوت شکۆدار دەکەن،
لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت. لە هەموو شوێنێک بخوور دەسووتێنن و قوربانی بێگەرد بۆ من پێشکەش دەکەن، چونکە لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
هەموو براکانتان لە هەموو نەتەوەکانەوە وەک پێشکەشکراو بۆ یەزدان لەسەر ئەسپ و بە گالیسکە و بە عەرەبانە و بە هێستر و وشتر بۆ کێوی پیرۆزم بۆ ئۆرشەلیم دەهێننەوە، وەک ئەوەی نەوەی ئیسرائیل پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان لەناو دەفرێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن.
ئەوەتا ئەمانە لە دوورەوە دێن و ئەوەتا ئەمانە لە باکوور و ڕۆژئاواوە و ئەمانەش لە ناوچەی ئەسوانەوە.»
گەلان دەیانگرن و دەیانبەن بۆ شوێنی خۆیان، بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل دەستیان بەسەردا دەگرن و دەیانکەن بە کۆیلە و کەنیزە لە خاکی یەزدان، دەبنە ڕاپێچکەری ڕاپێچکەرانیان و دەسەڵاتدار دەبن بەسەر ستەمکارانیاندا.
با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت، هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت. هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن، هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.
لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو، هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،
کاتێک گەلان و پاشایەتییەکان پێکەوە بۆ پەرستنی یەزدان کۆدەبنەوە.
ئەی هەموو دانیشتووانی جیهان و نیشتەجێبووانی زەوی، کە ئاڵا لەسەر چیاکان بەرزکرایەوە، ببینن و کە کەڕەنا لێدرا، گوێ بگرن.
بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و بە باشووریش: ”مەیانگرە!“ کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و کچانم لەوپەڕی زەوییەوە.
تێپەڕ بن! تێپەڕ بن لە دەروازەکانەوە! ڕێگای گەل خۆش بکەن. ئامادەی بکەن! ڕێڕەو ئامادە بکەن! لە بەرد پاکی بکەنەوە. ئاڵا بۆ گەل بەرز بکەنەوە.
یەزدان دەفەرموێت: «نیشانەیەکیان لەنێو دادەنێم و دەربازبووانیان لێ دەنێرم بۆ نەتەوەکان، بۆ تەرشیش و بۆ لای لیبییەکان و لوودییەکان، ئەوانەی تیرئەندازن، بۆ توبال، یۆنان و دوورگە دوورەکان، ئەوانەی هەواڵی منیان نەبیستووە و شکۆمەندی منیان نەبینیوە، جا شکۆمەندی من لەنێو نەتەوەکاندا ڕادەگەیەنن.
ئینجا زۆرێک لە گەلان و نەتەوە بەهێزەکان دێنە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەن و لە یەزدان بپاڕێنەوە.»