19 ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم! ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟ لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و لە بیابان ڕووبارەکان.
ئێوە گوێتان لێ بوو، جا بڕواننە هەمووی. ئەی ئێوە دانی پێدا نانێن؟ «وا دەکەم لە ئێستاوە گوێتان لە شتە نوێیەکان بێت، ئەو نهێنییانەی کە نایانزانن.
ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی، ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم، پێش ئەوەی سەر دەربێنێت من پێتانی دەڵێم.»
کەواتە ئەگەر هەرکەسێک لەگەڵ مەسیحدا ببێتە یەک، دەبێت بە بەدیهێنراوێکی نوێ، شتە کۆنەکان بەسەرچوون و شتی نوێ هاتووە!
دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» پاشان فەرمووی: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.»
ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم، کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم. چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو، زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو.
هەتا کەی بەم لاو بەو لادا دەڕۆیت، ئەی کچی هەڵگەڕاوە؟ چونکە یەزدان شتێکی نوێی لەسەر زەوی بەدیهێناوە: ژن پیاو دەپارێزێت.»
من لەپێشت لەوێ لەسەر ئەو تاشەبەردە لە حۆرێڤ وەستاوم. لە تاشەبەردەکە دەدەیت، ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و گەل دەیخۆنەوە.» موساش بەم جۆرەی کرد لەبەرچاوی پیرانی ئیسرائیل.
ئەوەی بە چۆڵەوانی مەزن و ترسناکدا ئێوەی برد، شوێنی ماری ژەهراوی و دووپشک و خاکی تینووێتی و بێ ئاو، ئەوەی لە بەردەئەستێ ئاوی بۆ دەرهێنان.
بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا، وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.
موسا دەستی بەرزکردەوە و بە گۆچانەکەی دوو جار لە تاشەبەردەکەی دا، جا ئاوێکی زۆر هەڵقوڵا و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیشیان لێیان خواردەوە.
ئەی یەزدان، ڕاپێچکراوانمان بگەڕێنەوە، وەک جۆگەکانی نەقەب.
جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون.
مرۆڤ وەک حەشارگەیەک دەبێت لە ڕووی با و وەک چەتر لە ڕووی لێزمەی باران، وەک جۆگەی ئاو لە شوێنێکی وشکدا و وەک سێبەری تاشەبەردێکی گەورە لە خاکی ماندووبووندا.
بێگومان لەوێ یەزدانی توانادار پشتگیرمان دەبێت. شوێنی ڕووبارەکان و کەناری جۆگە فراوانەکان دەبێت. کەشتی سەوڵدار پێیدا ناڕوات و کەشتی مەزن پێیدا تێناپەڕێت.
چۆڵەوانی و خاکی وشک شادمان دەبن، بیابان دەگەشێتەوە و چرۆ دەکات، وەک گوڵاڵە سوورە،
داری ئورز و ئەکاسیا و مۆرد و زەیتوون لە چۆڵەوانی دەڕوێنم، داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە لە بیابان دادەنێم،
نە برسی دەبن و نە تینوو، نە گەرما لێیان دەدات و نە خۆر، چونکە ئەوەی بەزەیی پێیاندا دێتەوە، ڕێنماییان دەکات و بۆ سەر کانیاوەکانیان دەبات.
بێگومان یەزدان دڵنەوایی سییۆن دەکات، دڵنەوایی هەموو کاولبووەکانی دەکات. چۆڵەوانییەکانی وەک عەدەن لێ دەکات و شیوە وشکەکانی وەک باخچەی یەزدان. شادی و خۆشی تێدا دەبینرێتەوە، سوپاس و دەنگی مۆسیقا.
یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“
لەبەر ئەوە لە کۆنەوە ئەمانەم پێ ڕاگەیاندن، وام کرد پێش ئەوەی ڕووبدەن ئێوە گوێتان لێی بێت، نەوەک بڵێن: ”بتەکەم کردی، خوداوەندە دەستکردەکەم فەرمانی دا.“
بە گریانەوە دێن، لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە، بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم، بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون، چونکە من باوکی ئیسرائیلم، ئەفرایم نۆبەرەمە.