Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

ئاشکراکردن 7 - پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی

1 پاش ئه‌مه‌ چوار فریشته‌م بینی له‌سه‌ر هه‌ر چوار گۆشه‌ی زه‌وی ڕاوه‌ستابوون، چوار باكه‌ی زه‌وییان گرتبوو تاكو بۆ سه‌ر زه‌وی و سه‌ر ده‌ریا و سه‌ر هیچ دره‌ختێک هه‌ڵنه‌كه‌ن.

2 فریشته‌یه‌كی دیكه‌شم بینی له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت مۆری خودای زیندووی پێبوو، به‌ ده‌نگێكی مه‌زن بانگی چوار فریشته‌كه‌ی كرد، كه‌ پێیان درابوو زیان به‌ زه‌وی و ده‌ریا بگه‌یه‌نن.

3 وتی: “زیان به‌ زه‌وی و ده‌ریا و دره‌خت مه‌گه‌یه‌نن، تاكو نێوچه‌وانی به‌نده‌كانی خوداوه‌ندمان مۆر ده‌كه‌ین”.

4 گوێم له‌ ژماره‌ی مۆركراوان بوو كه‌ سه‌د و چل و چوار هه‌زار بوون، له‌ هه‌موو هۆزه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسڕائیل بوون.

5 له‌ هۆزی ئيهوودا دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی ڕائوبین دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی گاد دوازده‌ هه‌زار مۆركراو،

6 له‌ هۆزی ئه‌شیر دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی نه‌پتالیم دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی مینه‌شێ دوازده‌ هه‌زار مۆركراو،

7 له‌ هۆزی شیمعون دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی لیوی دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی ئیساخه‌ر دوازده‌ هه‌زار مۆركراو،

8 له‌ هۆزی زوۆولوون دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی یۆسپ دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی بنیامین دوازده‌ هه‌زار مۆركراو.

9 پاش ئه‌مه‌ سه‌یرم كرد كۆمه‌ڵانێكی زۆرم بینی كه‌س ناتوانێت بیانژمێرێت، له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و هۆز و گه‌ل و زمانێک، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ و كاوڕه‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون، جلی سپییان له‌به‌ردابوو و لقه‌ دارخورمایان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو،

10 به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “ڕزگاری هی خوداوه‌ندمانه‌، كه‌ له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتووه‌ و بۆ كاوڕه‌كه‌یه‌”.

11 هه‌موو فریشته‌كان له‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون، پیره‌كان و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ به‌ ڕوودا كه‌وتن و كڕنۆشیان بۆ خودا برد،

12 وتیان: “ئامین! ستایش و شكۆ و دانایی و سوپاس و ڕێز و هێز و توانا بۆ خوداوه‌ندمانه‌، تاهه‌تایه‌! ئامین!”

13 دوایی یه‌كێک له‌ پیره‌كان لێی پرسیم: “ئه‌م سپی پۆشانه‌ كێن؟ له‌كوێوه‌ هاتوون؟”

14 منیش پێم وت: “گه‌وره‌م، تۆ ده‌زانیت”. پێی وتم: “ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ته‌نگانه‌ مه‌زنه‌كه‌وه‌ هاتوون و جله‌كانیان به‌ خوێنی كاوڕه‌كه‌ شوشتووه‌ و سپی كردووه‌.

15 بۆیه‌ له‌به‌رده‌م ته‌ختی خودادان و شه‌و و ڕۆژ له‌ په‌رستگاكه‌ی ڕاژه‌ی ده‌كه‌ن، دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ش دایانده‌پۆشێت.

16 ئیتر نه‌ برسی ده‌بن و نه‌ تینوو، نه‌ هه‌تاو لێیان ده‌دات و نه‌ گه‌رمی،

17 چونكه‌ كاوڕه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی ته‌خته‌كه‌ شوانێتییان ده‌كات و به‌ره‌و كانییه‌كانی ئاوی زیندوویان ده‌بات، خوداش هه‌موو فرمێسكه‌كانی چاویان ده‌سڕێته‌وه‌”.

© Bible Society in Lebanon (2017)

کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧

Bible Society in Lebanon
Lean sinn:



Sanasan