Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

زەبوورەکان 40 - پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی


هی پێشه‌وای گۆڕانیبێژانه‌. په‌سنیه‌كی داویده‌.

1 به‌ پشوودرێژیه‌وه‌ چاوه‌ڕێی په‌روه‌ردگارم كرد، ئاوڕی لێ‌ دامه‌وه‌ و گوێی له‌ هاوارم بوو.

2 له‌نێو چاڵی له‌ناوچوون هه‌ڵیكێشامه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ نێو قوڕ و زه‌لكاو ده‌ری هێنام. پێیه‌كانمی له‌سه‌ر تاشه‌به‌رد دانا. هه‌نگاوه‌كانمی جێگیر كرد.

3 په‌سنییه‌كی نوێی خسته‌ نێو ده‌مم، ستایشێک بۆ خوداوه‌ندمان. زۆر كه‌س ئه‌مه‌ ده‌بینن و ده‌ترسن، پشت به‌ په‌روه‌ردگار ده‌به‌ستن.

4 به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی پشت به‌ په‌روه‌ردگار ده‌به‌ستێت، ڕوو له‌ لووتبه‌رزان ناكات، له‌وانه‌ی ڕوویان وه‌رگێڕاوه‌ به‌ره‌و درۆ.

5 ئه‌ی په‌روه‌ردگار خودایه‌، زۆرن ئه‌و كاره‌ سه‌رسوڕهێنانه‌ی كه‌ كردووته‌. ئه‌و شتانه‌ی بۆ ئێمه‌ نه‌خشه‌ت كێشاوه‌ كه‌س ناتوانێت بیانژمێرێت. ئه‌گه‌ر باسیان بكه‌م و بیانگێڕمه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ زۆرن نایه‌نه‌ ژماردن.

6 به‌ قوربانی و پێشكه‌شكراو ڕازی نه‌بوویت. به‌ڵكو گوێی منت كرده‌وه‌. داوای قوربانیی سووتاندن و قوربانیی گوناهت نه‌كرد.

7 ئینجا وتم: “ئه‌وه‌تا هاتم وه‌ک له‌و سیپاره‌ی پێچراو له‌سه‌رم نووسراوه:

8 خودایه،‌ شادومانیم له‌وه‌دایه‌ كه‌ خواستی تۆ جێبه‌جێ‌ بكه‌م، ته‌وراته‌كه‌ت له‌ ناخی دڵی مندایه‌”.

9 له‌نێو كۆمه‌ڵێكی مه‌زن موژده‌ی بێتاوانیم دا. ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ خۆت ده‌زانیت، ده‌می خۆم ناگرم.

10 دادپه‌روه‌ریت له‌نێو دڵم كپ ناكه‌مه‌وه‌، باسی سه‌رڕاستی و ڕزگاریت ده‌كه‌م. میهره‌بانی و ڕه‌وای تۆ له‌نێو كۆمه‌ڵی مه‌زن دا ناشارمه‌وه‌.

11 ئه‌ی په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی خۆتم له‌سه‌ر لامه‌به‌. با میهره‌بانی و ڕه‌وای تۆ هه‌میشه‌ بمپارێزێت.

12 چونكه‌ بێژماره‌ به‌ڵا ده‌وری داوم. تاوانه‌كانم گرفتاریان كردووم و ناتوانم ببینم. له‌ مووی سه‌رم زیاترن، وره‌م به‌رداوه‌.

13 په‌روه‌ردگار ڕازی به‌، ده‌ربازم بكه‌. په‌روه‌ردگار بۆ یارمه‌تی دانم خێرا به‌.

14 با هه‌موو شه‌رمه‌زار و سووک بن، ئه‌وانه‌ی گیانی منیان ده‌وێ‌ بۆ له‌ناوبردنی. به‌ره‌و دواوه‌ بن و ڕیسوا بن ئه‌وانه‌ی خراپه‌ی منیان ده‌وێت.

15 با له‌ شه‌رمه‌زارییان بپه‌شۆكێن، ئه‌وانه‌ی پێم ده‌ڵێن: “هۆی ها! هۆی ها!”

16 با ئه‌وانه‌ی تۆیان ده‌وێت، شاد و دڵخۆش بن. با هه‌میشه‌ بڵێن: “مه‌زن بێت په‌روه‌ردگار” ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌ ڕزگاریی تۆ ده‌كه‌ن.

17 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی من هه‌ژار و به‌دبه‌ختم، په‌روه‌ردگارم بایه‌خم پێده‌دات. یارمه‌تی و ده‌ربازكه‌رم تۆی، خودایه‌ دوا مه‌كه‌وه‌.

© Bible Society in Lebanon (2017)

کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧

Bible Society in Lebanon
Lean sinn:



Sanasan