Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

لۆقا 19 - پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی

1 ئینجا چووه‌ نێو ئه‌ریخو و پێیدا تێده‌په‌ڕی.

2 له‌وێ پیاوێک ناوی زه‌كا بوو. گه‌وره‌ی باجگران بوو، ده‌وڵه‌مه‌ند بوو.

3 ده‌یویست ببینێت ئیشۆع كێیه‌، به‌ڵام له‌به‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌ نه‌یده‌توانی، چونكه‌ كورته‌باڵا بوو.

4 ڕایكرده‌ پێش و سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر دارهه‌نجیرێک تاكو بیبینێت، چونكه‌ ئیشۆع به‌وێ تێده‌په‌ڕی.

5 كاتێ ئیشۆع گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، سه‌یری سه‌ره‌وه‌ی كرد و پێی فه‌رموو: “زه‌كا، خێراكه‌ وه‌ره‌ خواره‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێت ئه‌مڕۆ له‌ ماڵی تۆ بمێنمه‌وه‌”.

6 جا خێرا هاته‌ خواره‌وه‌ و به‌ خۆشییه‌وه‌ پێشوازی لێكرد.

7 كاتێ هه‌موو بینییان بۆڵه‌بۆڵیان كرد و وتیان: “چووه‌ بووه‌ته‌ میوانی گوناهبارێک”.

8 زه‌كا ڕاوه‌ستا و به‌ په‌روه‌ردگاری وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌تا نیوه‌ی سامانه‌كه‌م ده‌ده‌مه‌ هه‌ژاران، ئه‌گه‌ر شتێكم له‌ یه‌كێک خواردووه‌ ئه‌وا چوار ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ده‌مه‌وه‌”.

9 ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌مڕۆ ڕزگاری بۆ ئه‌م ماڵه‌ هات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌میش ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌مه‌.

10 چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌ به‌دوای له‌ناوچواندا بگه‌ڕێت و ڕزگاریان بكات”.

11 كه‌ ئه‌مانه‌یان ده‌بیست، په‌ندێكی دیكه‌ی هێنایه‌وه‌، چونكه‌ له‌ یروشلایم نزیک بوو، وایانده‌زانی كه‌ پاشایه‌تی خودا خه‌ریكه‌ ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت.

12 ئینجا فه‌رمووی: “پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێكی دوور ڕۆیشت، تاكو پاشایه‌تییه‌ک بۆ خۆی وه‌ربگرێت و بێته‌وه‌.

13 ده‌ له‌ كۆیله‌كانی خۆی بانگكرد و ده‌ مینای پێدان و پێی وتن، تاكو دێمه‌وه‌ بازرگانی بكه‌ن.

14 به‌ڵام هاوڵاتییانی ڕقیان لێیبوو، شاندێكیان به‌ دوایدا نارد و وتیان: نامانه‌وێت ئه‌مه‌ پاشایه‌تیمان بكات.

15 كاتێ گه‌ڕایه‌وه‌ پاشایه‌تییه‌كه‌ی وه‌رگرتبوو، فه‌رمانی دا ئه‌و كۆیلانه‌ی زیوه‌كه‌ی پێدابوون بانگ بكرێنه‌ لای، تاكو بزانێت له‌ بازرگانی چییان قازانج كردووه‌.

16 یه‌كه‌میان هات و وتی: گه‌وره‌م میناكه‌ت ده‌ مینای قازانج كردووه‌.

17 ئه‌ویش پێی وت: ئافه‌رین كۆیله‌ی چاک! چونكه‌ له‌ كه‌م ده‌ستپاک بوویت، ده‌سه‌ڵاتدار به‌ له‌سه‌ر ده‌ شار.

18 دووه‌میان هات و وتی: گه‌وره‌م میناكه‌ت پێنج مینای كردووه‌.

19 به‌مه‌شیانی وت: تۆش به‌سه‌ر پێنج شار به‌.

20 ئه‌وی دیكه‌ هات و وتی: گه‌وره‌م ئه‌وه‌تا میناكه‌ت، له‌ ده‌سته‌سڕێک پێچابوومه‌وه‌ و هه‌ڵمگرتبوو.

21 چونكه‌ لێت ترسام، له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤێكی توندیت، ئه‌وه‌ی داتنه‌ناوه‌ ده‌یبه‌یت و ئه‌وه‌ی نه‌تچاندووه‌ دروێنه‌ی ده‌كه‌یت.

22 ئه‌ویش پێی وت: ئه‌ی كۆیله‌ی به‌دكار، به‌ زارت تاوانبارت ده‌كه‌م، كه‌ ده‌تزانی كابرایه‌كی توندم، ئه‌وه‌ی دامنه‌ناوه‌ ده‌یبه‌م و ئه‌وه‌ی نه‌مچاندووه‌ دروێنه‌ی ده‌كه‌م.

23 بۆچی زیوه‌كه‌مت لای پاره‌گۆڕه‌وه‌كانت دانه‌نا، كاتێ ده‌هاتمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قازانجه‌كه‌ی وه‌رمده‌گرته‌وه‌؟

24 به‌ ئاماده‌بووانی وت: میناكه‌ی لێ بستێننه‌وه‌ و بیده‌نه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ میناكه‌ی پێیه‌.

25 ئه‌وانیش پێیان وت: گه‌وره‌م، ده‌ مینای هه‌یه‌!

26 پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی پێی ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی هه‌شیه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌.

27 دوژمنانیشم، ئه‌وانه‌ی نه‌یانده‌ویست پاشایه‌تییان بكه‌م، بیانهێننه‌ ئێره‌ و له‌به‌رچاوم سه‌ریان ببڕن”.

28 كاتێ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، به‌ڕێكه‌وت و به‌ره‌و یروشلایم سه‌ركه‌وت.

29 كاتێ له‌ بتپاگی و بتعه‌نیا نزیكبووه‌وه‌، بۆ ئه‌و كێوه‌ی كه‌ كێوی زه‌یتوونی پێ ده‌ووترێت، دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد،

30 فه‌رمووی: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، كه‌ ده‌چنه‌ نێوی، ده‌بینن جاشێک به‌ستراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا كه‌س سواری نه‌بووه‌، بیكه‌نه‌وه‌ و بیهێنن.

31 ئه‌گه‌ر یه‌كێک پرسی لێكردن: بۆچی ده‌یكه‌نه‌وه‌؟ بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی”.

32 جا په‌یامبه‌ره‌كان چوون و چۆنی پێ وتبوون ئاوایان بینییه‌وه‌.

33 كاتێ جاشه‌كه‌یان ده‌كرده‌وه‌، خاوه‌نه‌كانی پێیان وتن: “بۆچی جاشه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟”

34 وتیان: “په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی”.

35 ئینجا بۆ ئیشۆعیان هێنا و كراسه‌كانیان خسته‌ سه‌ر جاشه‌كه‌ و ئیشۆعیان سواری كرد.

36 كاتێ به‌ڕێوه‌ بوو، خه‌ڵک كراسه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگا ڕاده‌خست.

37 كاتێ له‌ لێژاییه‌كه‌ی كێوی زه‌یتوون نزیكبووه‌وه‌، هه‌موو جه‌ماوه‌ری قوتابییه‌كان ده‌ستیان به‌ شادی كرد و به‌ ده‌نگی مه‌زن ستایشی خودایان كرد، بۆ هه‌موو ئه‌و په‌رجوانه‌ی بینییان، ده‌یانووت:

38 “پیرۆزه‌ ئه‌و پاشایه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! ئاشتی له‌ ئاسمان و شكۆ له‌ به‌رزایی!”

39 هه‌ندێک په‌ڕیشی نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌، پێیان وت: “ڕابی، له‌ قوتابییه‌كانت ڕاخوڕه‌!”.

40 وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ بێده‌نگ بن، به‌رده‌كان هاوار ده‌كه‌ن!”.

41 كاتێ نزیک ده‌بووه‌وه‌ و شاره‌كه‌ی بینی، بۆی گریا،

42 فه‌رمووی: “خۆزگه‌ بتزانیبایه‌، ته‌نانه‌ت تۆش، له‌م ڕۆژه‌شتدا چ شتێک بۆ ئاشتییه‌! به‌ڵام ئێستا له‌به‌رچاوت شاراوه‌ بووه‌.

43 چونكه‌ ڕۆژانێكت به‌سه‌ر دێت، دوژمنانت سه‌نگه‌رت لێ ده‌گرن، ئابڵوقه‌ت ده‌ده‌ن و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌ورت ده‌گرن.

44 خۆت و ڕۆڵه‌كانت له‌ تۆدا زه‌وی ته‌خت ده‌كه‌ن. به‌ردت به‌سه‌ر به‌رده‌وه‌ ناهێڵن، چونكه‌ كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ت نه‌زانی”.

45 كاتێ چووه‌ په‌رستگا، ده‌ستی به‌ ده‌ركردنی فرۆشیاران كرد.

46 پێی فه‌رموون: “نووسراوه‌: {ماڵه‌كه‌م ماڵی نوێژه}‌، كه‌چی ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان!}”.

47 ڕۆژانه‌ له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی خه‌ڵكی ده‌كرد، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان و ڕابه‌رانی گه‌ل هه‌وڵیان ده‌دا له‌ناوی بده‌ن.

48 به‌ڵام هیچیان بۆ ئه‌نجامدانی نه‌ده‌دۆزییه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو گه‌ل په‌یوه‌ستی بیستنی بوون.

© Bible Society in Lebanon (2017)

کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧

Bible Society in Lebanon
Lean sinn:



Sanasan