Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

یاقوو 5 - پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی

1 وه‌رن ئه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، بگریێن و شیوه‌ن بكه‌ن بۆ ئه‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ی به‌سه‌رتان دێت.

2 سامانتان ڕزیو بوو، به‌رگتان مۆرانه‌ی لێدا،

3 زێڕ و زیوتان ژه‌نگی دا، ژه‌نگه‌كه‌شیان گه‌واهیتان له‌سه‌ر ده‌دات، وه‌ک ئاگر جه‌سته‌تان ده‌خوات! له‌ ڕۆژانی پایان گه‌نجینه‌تان بۆ خۆتان كۆكرده‌وه‌.

4 ئه‌وه‌تا كرێی ئه‌و كرێكارانه‌ی له‌ كێڵگه‌كانتان دروێنه‌یان كردووه‌ و نه‌تانداوه‌، دژی ئێوه‌ هاوار ده‌كات. هاواری سه‌پانانیش گه‌یشته‌ گوێی په‌روه‌ردگاری سوپاسالار.

5 له‌سه‌ر زه‌وی به‌ سه‌ڵته‌نه‌ت و چێژ ژیاون، دڵی خۆتان وه‌ک دابه‌ستی بۆ ڕۆژی سه‌ربڕین ڕاگرتووه‌.

6 بێتاوانتان حوكم دا و كوشتتان، كه‌ به‌رهه‌ڵستیتان ناكات!

7 بۆیه‌ برایان، تاكو هاتنه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار ئارام بگرن. سه‌یر بكه‌ن چۆن جوتیار چاوه‌ڕێی به‌رهه‌مه‌ گرانبه‌هاكه‌ی زه‌وی ده‌كات، بۆ بارانی پایز و به‌هار ئارام ده‌گرێت.

8 ئێوه‌ش ئارام بگرن و دڵتان بچه‌سپێنن، چونكه‌ هاتنه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار نزیكبووه‌ته‌وه‌.

9 برایان، بۆڵه‌بۆڵ له‌سه‌ر یه‌كتری مه‌كه‌ن، نه‌وه‌ک حوكم بدرێن. ئه‌وه‌تا دادوه‌ر له‌به‌رده‌رگا ڕاوه‌ستاوه‌.

10 برایانم، په‌ند وه‌ربگرن له‌ به‌رگه‌ی ئازار و ئارامگرتنی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی كه‌ به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ قسه‌یان كرد.

11 ئه‌وه‌تا ئێمه‌ ستایشی دانبه‌خۆداگرتووه‌كان ده‌كه‌ین. دانبه‌خۆداگرتنی ئه‌یوبتان بیستووه‌ و له‌ پایاندا خودا چی كرد، چونكه‌ په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی زۆره‌ و میهره‌بانه‌.

12 به‌ڵام برایانم، پێش هه‌موو شتێک، سوێند مه‌خۆن، نه‌ به‌ ئاسمان و نه‌ به‌ زه‌وی و نه‌ به‌ شتی دیكه‌. به‌ڵكو با به‌ڵێتان به‌ڵێ بێت و نه‌خێرتان نه‌خێر بێت، نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ ژێر تاوانباركردن.

13 كامه‌تان ناخۆشی هه‌یه‌؟ با نوێژ بكات. كه‌س دڵخۆشه‌؟ با به‌ په‌سنی بڵێت.

14 كامه‌تان نه‌خۆشه‌؟ با پیرانی وارگه‌ بانگ بكات و نوێژی له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ ناوی په‌روه‌ردگاریش چه‌وری بكه‌ن.

15 نوێژی باوه‌ڕ نه‌خۆش چاكده‌كاته‌وه‌ و په‌روه‌ردگار هه‌ڵیده‌ستێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر گوناهێكیشی كردبێت ده‌به‌خشرێت.

16 بۆ یه‌كتری دان به‌ گوناهه‌كانتان بنێن، له‌پێناوی یه‌كتری نوێژ بكه‌ن تاكو چاک ببنه‌وه‌. نوێژی خوداناس زۆر به‌هێز و كاریگه‌ره‌.

17 ئیلییا مرۆڤێک بوو وه‌ک ئێمه‌ ئازاری ده‌چێژت، نوێژی كرد تاكو باران نه‌بارێت، ئیتر سێ ساڵ و شه‌ش مانگ له‌سه‌ر زه‌وی نه‌باری.

18 جارێكی دیكه‌ نوێژی كرده‌وه‌، ئاسمان بارانی دا و زه‌ویش به‌رهه‌می دا.

19 برایان، ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان له‌ ڕه‌وا چه‌واشه‌ كرا و یه‌كێک گه‌ڕاندیه‌وه‌،

20 با بزانێت ئه‌وه‌ی گوناهبارێک له‌ ڕێگای گومڕایی بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ده‌روونێک له‌ مه‌رگ ڕزگار ده‌كات و زۆر گوناهیش داده‌پۆشێت.

© Bible Society in Lebanon (2017)

کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧

Bible Society in Lebanon
Lean sinn:



Sanasan