Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

كردار 6 - پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی

1 له‌و ڕۆژانه‌دا كه‌ قوتابییه‌كان زیادیان ده‌كرد، جوو یۆنانییه‌كان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر عیبڕانییه‌كان كرد كه‌ له‌ یارمه‌تی ڕۆژانه‌ی بێوه‌ژنه‌كانیان پشتگوێ ده‌خرێن.

2 بۆیه‌ دوازده‌كه‌ كۆمه‌ڵی قوتابییه‌كانیان بانگكرد و وتیان: “باش نییه‌ واز له‌ وشه‌ی خودا بهێنین و ڕاژه‌ی خوانه‌كان بكه‌ین.

3 برایان، له‌نێو خۆتاندا حه‌وت پیاو هه‌ڵبژێرن كه‌ ناوبانگیان باش بێت و پڕبن له‌ ڕووحی پارسا و داناییه‌كه‌ی، تاكو له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ دایانبنێین.

4 ئێمه‌ش خۆمان ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ نوێژكردن و ڕاژه‌ی وشه‌ی خودا”.

5 هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ئه‌م پێشنیاره‌یان به‌دڵ بوو، جا ئستیفانۆسیان هه‌ڵبژارد، كه‌ پیاوێكی پڕ له‌ باوه‌ڕ و ڕووحی پارسا بوو، له‌گه‌ڵ پیلیپوس و پروخۆرس و نیكانۆر و تیمۆن و په‌رمیناس و نیقالیئۆسی ئه‌نتاكی كه‌ ببووه‌ جوو.

6 له‌پێش په‌یامبه‌رانیان ڕاگرتن، ئه‌وانیش نوێژیان كرد و ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان.

7 ئیتر وشه‌ی خودا گه‌شه‌ی ده‌كرد، ژماره‌ی قوتابییه‌كانیش له‌ یروشلایم زۆر زیاتر بوو، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كاهینانیش گوێڕایه‌ڵی باوه‌ڕه‌كه‌ بوون.

8 ئستیفانۆس پڕ له‌ باوه‌ڕ و هێز بوو، نیشانه‌ و په‌رجوی مه‌زنی له‌نێو گه‌لدا ده‌كرد.

9 جا هه‌ندێک له‌وانه‌ی له‌و كه‌نیشته‌ن كه‌ پێی ده‌ووترا كه‌نیشتی ئازادكراوان، له‌گه‌ڵ قه‌ورینێكان و ئه‌سكه‌نده‌رییه‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌ قیلیقیا و ئاسیادان، هه‌ستان و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ئستیفانۆس كرد.

10 به‌ڵام نه‌یانتوانی به‌ربه‌ره‌كانێی ئه‌و داناییه‌ و ڕووحه‌ بكه‌ن كه‌ پێی ده‌دووا.

11 بۆیه‌ به‌دزییه‌وه‌ پیاویان هاندا تاكو بڵێن: “ئێمه‌ بیستمان سه‌باره‌ت به‌ مووشێ و خودا كفری ده‌كرد”.

12 ئینجا گه‌ل و پیران و ته‌وراتزانه‌كانیان جۆش دا، هاتنه‌ سه‌ری و ڕفاندیان، بۆ سه‌نهه‌دریمیان هێنا.

13 گه‌واهیده‌ری درۆزنیان دانا، ده‌یانووت: “ئه‌م پیاوه‌ وه‌ستانی نییه‌ له‌ كفركردن دژی ئه‌م شوێنه‌ پارسا‌یه‌و ته‌ورات.

14 چونكه‌ بیستمان ده‌یووت كه‌ ئیشۆعی ناسڕه‌تیی ئه‌م شوێنه‌ تێكده‌دات و ئه‌و نه‌ریتانه‌ ده‌گۆڕێت كه‌ له‌ مووشێوه‌ وه‌رمانگرتووه‌”.

15 جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌نهه‌دریم دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وه‌ک ڕووی فریشته‌ وایه‌.

© Bible Society in Lebanon (2017)

کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧

Bible Society in Lebanon
Lean sinn:



Sanasan