Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

كردار 22 - پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی

1 “برایان و باوكان، ئێستا گوێ له‌و به‌رگرییه‌ بگرن كه‌ له‌ خۆمی ده‌كه‌م”.

2 كاتێ گوێیان لێبوو به‌ زمانی عیبری قسه‌یان بۆ ده‌كات زیاتر بێده‌نگ بوون. ئه‌ویش وتی:

3 “من جووم، له‌ ته‌رسوسی قیلیقیا له‌دایكبووم، به‌ڵام له‌م شاره‌دا گه‌وره‌ بووم، له‌به‌رده‌ستی گه‌ملیئێل به‌ توندی به‌گوێره‌ی ته‌وراتی باوكانمان فێركراوم. زۆر دڵگه‌رم بووم بۆ خودا، وه‌ک هه‌مووتان ئه‌مڕۆ.

4 تاكو مردن ئه‌م ڕێگایه‌م چه‌وسانده‌وه‌، ژن و پیاوم ده‌گرت و ڕاده‌ستی زیندانم ده‌كردن،

5 وه‌كو كاهینی باڵا و هه‌موو پیران گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن. په‌یامم بۆ برایانی دره‌مسوق له‌وان وه‌رگرت، چووم تاكو ئه‌وانه‌ی ئه‌وێش به‌ به‌ندكراوی بهێنمه‌ یروشلایم تاكو سزا بدرێن.

6 ئه‌وه‌بوو كاتێ ده‌ڕۆیشتم و له‌ نیوه‌ڕۆدا له‌ دره‌مسوق نزیک ده‌بوومه‌وه‌، له‌ناكاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ ڕووناكییه‌كی مه‌زن له‌ ده‌وروبه‌رم دره‌وشایه‌وه‌.

7 كه‌وتمه‌ سه‌ر زه‌وی و گوێم له‌ ده‌نگێک بوو پێی فه‌رمووم: شاوول! شاوول! بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟

8 وه‌ڵامم دایه‌وه‌: گه‌وره‌م، تۆ كێی؟ پێی فه‌رمووم: من ئیشۆعی ناسڕه‌تیم، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌.

9 هاوڵانم ڕووناكییه‌كه‌یان بینی و ترسیان لێ نیشت، به‌ڵام له‌و ده‌نگه‌ تێنه‌گه‌یشتن كه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌كرد.

10 وتم: ئه‌ی په‌روه‌ردگار، چی بكه‌م؟ په‌روه‌ردگار پێی فه‌رمووم: هه‌سته‌ بڕۆ دره‌مسوق، له‌وێ هه‌موو ئه‌وه‌ی بۆت دانراوه‌ بیكه‌یت، پێت ده‌ووترێ.

11 جا له‌به‌ر هێزی ڕووناكییه‌كه‌ نه‌مده‌بینی، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵم بوون ده‌ستیان گرتم و هێنامیانه‌ دره‌مسوق.

12 پیاوێک به‌ ناوی خنه‌نیا، به‌گوێره‌ی ته‌ورات له‌خواترس بوو، هه‌موو جووی ئه‌وێ گه‌واهییان بۆ ده‌دا.

13 هاته‌ لام، وه‌ستا و پێی وتم: شاوولی برام، ببینه‌! یه‌كسه‌ر ئه‌وم بینی.

14 ئینجا وتی: خودای باوكانمان هه‌ڵیبژاردووی تاكو خواستی بزانیت، هه‌روه‌ها بێتاوانه‌كه‌ ببینیت و گوێت له‌ وشه‌ی زاری ئه‌و بێت.

15 چونكه‌ تۆ بۆ هه‌موو خه‌ڵک ده‌بیته‌ گه‌واهیده‌ری ئه‌و، به‌وه‌ی بینیت و بیستت.

16 ئێستا بۆ خۆت دواده‌خه‌یت؟ هه‌سته‌ عه‌ماد بكه‌ و به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بانگه‌واز بكه‌ و گوناهه‌كانت بشۆره‌وه‌.

17 ئه‌وه‌بوو كه‌ بۆ یروشلایم گه‌ڕابوومه‌وه‌ و له‌ په‌رستگا نوێژم ده‌كرد، له‌هۆشی خۆم چووم،

18 په‌روه‌ردگارم بینی و پێی فه‌رمووم: خێراكه‌! به‌ په‌له‌ له‌ یروشلایم بڕۆ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ گه‌واهییه‌كه‌ت كه‌ سه‌باره‌ت به‌ منه‌ وه‌ریناگرن.

19 منیش وتم: په‌روه‌ردگار، خۆیان ده‌زانن له‌ هه‌موو كه‌نیشته‌كان ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ تۆ هه‌بوو، ده‌مگرتن و لێم ده‌دان.

20 كاتێ خوێنی ئستیفانۆسی گه‌واهیده‌ری تۆ ڕژا، من ڕاوه‌ستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم له‌ جلوبه‌رگی بكوژانی ده‌كرد.

21 پێی فه‌رمووم: بڕۆ! بۆ دوور ده‌تنێرم، بۆ نه‌ته‌وه‌كان”.

22 تاكو ئه‌م وشه‌یه‌ گوێیان لێی ده‌گرت، ئینجا ده‌نگیان به‌رز كرده‌وه‌ و وتیان: “له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی مه‌یهێڵه‌! چونكه‌ ئه‌مه‌ شایانی ژیان نییه‌!”

23 ئینجا هاواریان كرد و جله‌كانی خۆیان فڕێده‌دا و خۆڵیان به‌ هه‌وادا ده‌كرد.

24 فه‌رمانده‌كه‌ فه‌رمانی دا بۆ سه‌ربازگه‌ ببردرێت و له‌ ژێر قامچی لێی بكۆڵنه‌وه‌، تاكو بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی ده‌كرد.

25 كاتێ به‌ستایانه‌وه‌ تاكو به‌ قامچی لێی بده‌ن، پۆڵۆس به‌ سه‌رپه‌له‌كه‌ی وت كه‌ له‌وێ وه‌ستا بوو: “یاساییه‌ بۆتان پێش دادگاییكردنی كه‌سێكی ڕۆمانی به‌ر قامچی بده‌ن؟”

26 كاتێ سه‌رپه‌له‌كه‌ گوێی لێبوو، چووه‌ لای فه‌رمانده‌كه‌، هه‌واڵی پێدا و وتی: “ئه‌وه‌ به‌ته‌مای چیت! ئه‌م پیاوه‌ ڕۆمانییه‌!”

27 فه‌رمانده‌كه‌ش هات و پێی وت: “پێم بڵێ، تۆ ڕۆمانیت؟” وتی: “به‌ڵێ”.

28 فه‌رمانده‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “به‌ پاره‌یه‌كی زۆر ئه‌م هاوڵاتیبوونه‌م وه‌رگرت”. پۆڵۆس وتی: “به‌ڵام من به‌ زگماک هاوڵاتیم”.

29 ئه‌وانه‌ی به‌ته‌مابوون لێی بكۆڵنه‌وه‌ یه‌كسه‌ر لێی دووركه‌وتنه‌وه‌، فه‌رمانده‌كه‌ش كه‌ زانی ڕۆمانییه‌ و وا كۆتی كردووه‌، ترسا.

30 بۆ به‌یانی ویستی به‌ ته‌واوی بزانێت بۆچی جووه‌كان سكاڵای لێده‌كه‌ن، ئازادی كرد و فه‌رمانی دا كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم كۆببنه‌وه‌، پۆڵۆسی بانگكرد و له‌به‌رده‌میاندا ڕایگرت.

© Bible Society in Lebanon (2017)

کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧

Bible Society in Lebanon
Lean sinn:



Sanasan