Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

دووه‌م قۆرنتێ 6 - پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی

1 وه‌ک هاوكاری خوداین، داواتان لێ ده‌كه‌ین به‌خششی خودا بێ سوود وه‌رمه‌گرن.

2 چونكه‌ ده‌فه‌رمووێ. “له‌ كاتی په‌سه‌ندیم گوێم لێ گرتیت، له‌ ڕۆژی ڕزگاری یارمه‌تیم دایت”. ئه‌وه‌تا ئێستا كاتێكی په‌سه‌نده‌، ئێستا ڕۆژی ڕزگاریه‌.

3 له‌ هیچ شتێک نابینه‌ كۆسپ، نه‌وه‌ک گله‌یی بێته‌ سه‌ر ڕاژه‌،

4 به‌ڵكو له‌ هه‌موو شتێكدا وه‌ک ڕاژه‌وانی خودا خۆمان ده‌رده‌خه‌ین. به‌ دانبه‌خۆداگرتنی زۆرمان، له‌ ته‌نگانه‌، ناخۆشی و لێقه‌ومان،

5 له‌ لێدان و زیندان و شڵه‌ژان، ماندوویی و بێداری و برسیێتی،

6 به‌ بێگه‌ردی و زانین و ئارامگرتن و نیانی، به‌ ڕووحی پارسا و خۆشویستنی بێ ڕووپامایی،

7 له‌ قسه‌ی ڕه‌وادا، له‌ هێزی خودا، به‌ چه‌كه‌كانی خوداناسی بۆ ڕاست و چه‌پ،

8 به‌ شكۆ و سووكایه‌تی، ناوزڕاو و ناوبانگ، كه‌ ڕاستگۆین و وه‌ک چه‌واشه‌كار ده‌بینرێین،

9 وه‌ک نه‌ناسراو به‌ڵام ناسراوین، وه‌ک مردوو و ئه‌وه‌تا زیندووین، وه‌ک سزادراو به‌ڵام نه‌كوژراوین،

10 وه‌ک خه‌مبار، به‌ڵام هه‌رده‌م دڵشادین، وه‌ک هه‌ژار به‌ڵام زۆر كه‌س ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ین، وه‌ک هیچمان نه‌بێت و هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو شتێكمان هه‌یه‌.

11 ئه‌ی قۆرنتێییه‌كان، زارمان بۆتان كراوه‌یه‌ و دڵمان فراوانه‌.

12 ته‌نگاوبوونتان به‌هۆی ئێمه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ناوی خۆتانه‌وه‌یه‌.

13 به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێم، وه‌ک بۆ ڕۆڵه‌كانم ده‌دوێم، ئێوه‌ش دڵتان بكه‌نه‌وه‌!

14 له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕان له‌ ژێر یه‌ک نیردا مه‌بن، چونكه‌ چ تێكه‌ڵاویه‌ک له‌نێوان بێتاوانی و تاواندا هه‌یه‌؟ یاخود چ هاوبه‌شییه‌ک له‌نێوان تاریكی و ڕووناكیدا هه‌یه‌؟

15 چ ڕێككه‌وتنێک له‌نێوان مه‌سیح و بلیاعلدا هه‌یه‌؟ یان باوه‌ڕدار چ پشكێكی له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕدا هه‌یه‌؟

16 په‌رستگای خوداش چ ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ بتدا هه‌یه‌؟ چونكه‌ ئێوه‌ په‌رستگای خودای زیندوون، وه‌ک خودا فه‌رموویه‌تی: {تیایاندا نیشته‌جێ ده‌بم و له‌گه‌ڵیان ڕێده‌كه‌م، ده‌بمه‌ خوداوه‌ندیان و ئه‌وانیش ده‌بنه‌ گه‌لی من}.

17 {بۆیه‌ له‌ناوه‌ڕاستیان ده‌رچن و لێیان جیا ببنه‌وه‌، په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ. ده‌ست مه‌ده‌نه‌ هیچ گڵاوێک، ئینجا په‌سه‌ندتان ده‌كه‌م}.

18 {من ده‌بمه‌ باوكتان، ئێوه‌ش ده‌بنه‌ كوڕ و كچم، ئه‌مه‌ په‌روه‌ردگاری هه‌ره‌ به‌ توانا ده‌یڵێت}.

© Bible Society in Lebanon (2017)

کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧

Bible Society in Lebanon
Lean sinn:



Sanasan