Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

یەکەم سالۆنیکی 3 - پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی

1 بۆیه‌ كاتێ به‌رگه‌مان نه‌گرت، به‌ باشمان زانی به‌ ته‌نها له‌ ئه‌تینۆس بمێنینه‌وه‌،

2 تیماتیئوسمان نارد كه‌ برا و ڕاژه‌وانی خودای و هاوكاری ئێمه‌یه‌ له‌ ئینجیلی مه‌سیحدا، تاكو جێگیرتان بكات و بۆ باوه‌ڕتان ئامۆژگاریتان بكات،

3 تاكو له‌م ته‌نگانانه‌دا كه‌س نه‌هه‌ژێت. خۆتان ده‌زانن كه‌ بۆ ئه‌مه‌ دیاری كراوین.

4 چونكه‌ كاتێ له‌لاتان بووین، پێشتر پێمان ده‌ووتن كه‌ تووشی ته‌نگانه‌ ده‌بین، وه‌ک ده‌زانن ڕوویدا.

5 بۆیه‌ منیش كاتێ به‌رگه‌م نه‌گرت، ناردم به‌ڵكو دۆخی باوه‌ڕتان بزانم، نه‌وه‌ک تاقیكه‌ره‌وه‌ تاقی كردبنه‌وه‌ و ڕه‌نجمان به‌فیڕۆ بچێت.

6 ئێستاش تیماتیئوس له‌لای ئێوه‌ هاته‌وه‌ لامان، موژده‌ی باوه‌ڕ و خۆشویستنی ئێوه‌ی پێداین، هه‌روه‌ها چۆن هه‌رده‌م به‌ چاكه‌ یادمان ده‌كه‌ن و تامه‌زرۆی بینینمانن، وه‌ک ئێمه‌ش بۆ ئێوه‌.

7 بۆیه‌ برایان، له‌ كاتی ته‌نگانه‌ و ناخۆشیمان، به‌ ئێوه‌ دڵنه‌وایی كراین، به‌هۆی باوه‌ڕتان،

8 چونكه‌ ئێستا ده‌ژین، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ په‌روه‌ردگاردا جێگیر بن.

9 چ سوپاسێک بتوانین له‌به‌ر ئێوه‌ بۆ خودا بگه‌ڕێنینه‌وه‌، بۆ ئه‌م هه‌موو خۆشییه‌ی له‌به‌رده‌م خودامان به‌ ئێوه‌مان هه‌یه‌؟

10 شه‌و و ڕۆژ گه‌رمتر ده‌پاڕێینه‌وه‌، تاكو ڕوخسارتان ببینین و كه‌موكوڕی باوه‌ڕتان دابین بكه‌ین.

11 با خودا و باوكمان به‌خۆی و ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان ڕێگاكه‌مان بۆ لاتان ئاراسته‌ بكه‌ن.

12 په‌روه‌ردگار خۆشویستنتان زیاد بكات بۆ یه‌كتری و بۆ هه‌مووان، وه‌ک ئێمه‌ش بۆ ئێوه‌،

13 تاكو دڵتان جێگیر بێت بۆ ئه‌وه‌ی بێ گله‌یی له‌ پارساییدا بن، له‌به‌رده‌م خودا و باوكمان له‌ هاتنه‌وه‌ی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵ هه‌موو پارساكانی.

© Bible Society in Lebanon (2017)

کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧

Bible Society in Lebanon
Lean sinn:



Sanasan