Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

یەکەم سالۆنیکی 1 - پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی

1 پۆڵۆس و شیلاو تیماتیئوس، بۆ وارگه‌ی تسلۆنیقێیه‌كان له‌ خودای باوک و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار: به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار بۆ ئێوه‌.

2 هه‌رده‌م له‌ پێناوی هه‌مووتان سوپاسی خودا ده‌كه‌ین،‌ له‌ نوێژه‌كانمان یادتان ده‌كه‌ین،

3 بێ بڕان له‌به‌رده‌م خودا و باوكمان یادی كرداری باوه‌ڕ و ڕه‌نجی خۆشویستن و دانبه‌خۆداگرتنی هیواتان ده‌كه‌ین له‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان.

4 برایان، خۆشه‌ویستانی خودا، ده‌زانین كه‌ هه‌ڵیبژاردوون،

5 چونكه‌ ته‌نها به‌ قسه‌ ئینجیلمان بۆ نه‌هێنان، به‌ڵكو به‌ هێز و به‌ ڕووحی پارسا و به‌ دڵنیایی زۆر، وه‌ک ده‌زانن له‌ پێناوی ئێوه‌ له‌نێوانتاندا چ جۆره‌ كه‌سێک بووین.

6 ئێوه‌ش لاسایی ئێمه‌ و په‌روه‌ردگارتان كرده‌وه‌، له‌ ته‌نگانه‌یه‌كی گه‌وره‌دا به‌ شادیی ڕووحی پارسا وشه‌كه‌تان په‌سه‌ند كرد،

7 تاكو بوونه‌ نموونه‌ بۆ هه‌موو باوه‌ڕداران له‌ ماقیدۆنیا و ئه‌خائیه‌.

8 چونكه‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار له‌لای ئێوه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌، نه‌ک ته‌نها له‌ ماقیدۆنیا و ئه‌خائیه‌، به‌ڵكو باوه‌ڕتان به‌ خودا له‌ هه‌موو شوێنێک بڵاو بوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت پێویستمان به‌وه‌ نییه‌ شتێک بڵێین.

9 چونكه‌ خۆیان باسمان ده‌كه‌ن كه‌ پێشوازیتان بۆ ئێمه‌ چۆن بووه‌ و چۆن له‌ بته‌وه‌ بۆ خودا گه‌ڕانه‌وه‌، تاكو خودای زیندوو و ڕاست بپه‌رستن،

10 بۆ چاوه‌ڕوانیی ڕۆڵه‌كه‌ی له‌ ئاسمان، ئه‌وه‌ی له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ئیشۆع، ئه‌وه‌ی له‌ تووڕه‌یی داهاتوو ده‌ربازمان ده‌كات.

© Bible Society in Lebanon (2017)

کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧

Bible Society in Lebanon
Lean sinn:



Sanasan