Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

ئاشکراکردن 20 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


دەستگیرکردنی شەیتان

1 فریشتەیەکم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و کلیلی بیری بێ بنی پێبوو، زنجیرێکی گەورەشی بەدەستەوە بوو.

2 ئەژدیهاکەی دەستگیر کرد، مارە دێرینەکە کە ئیبلیس و شەیتانە، هەزار ساڵ بەستییەوە.

3 فڕێیدایە بیری بێ بن و دەرگای لەسەر داخست و مۆرێکی لێدا، بۆ ئەوەی ئیتر نەتەوەکان چەواشە نەکات، هەتا هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت. پاش ئەمە دەبێت بۆ ماوەیەکی کەم ئازاد بکرێت.


حوکمی هەزار ساڵەی مەسیح

4 چەند تەختێکم بینی و ئەوانەی لەسەری دانیشتن دەسەڵاتی حوکمدانیان پێدرابوو. هەروەها گیانی ئەوانەم بینی کە لەبەر شایەتی عیسا و لەبەر وشەی خودا سەربڕابوون، ئەوانە کڕنۆشیان بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی نەبردبوو، نیشانەی نێوچەوان و سەر دەستیان وەرنەگرتبوو. جا زیندووبوونەوە و هەزار ساڵ لەگەڵ مەسیحدا فەرمانڕەواییان کرد.

5 (بەڵام مردووەکانی دیکە هەتا هەزار ساڵەکە تەواو بوو بۆ ژیان نەگەڕانەوە. ئەمە هەستانەوەی یەکەمە.)

6 ئەوەی لە هەستانەوەی یەکەمدا بەشی هەبێت بەرەکەتدار و پیرۆزە. ئەوانە مردنی دووەم دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە، بەڵکو دەبنە کاهینی خودا و مەسیح، هەزار ساڵ لەگەڵیدا فەرمانڕەوایەتی دەکەن.


کەوتنی شەیتان

7 کاتێک هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت شەیتان لە بەندیخانە ئازاد دەکرێت و

8 دێتە دەرەوە تاکو نەتەوەکانی چوارگۆشەی زەوی چەواشە بکات، گۆگ و ماگۆگ، تاکو بۆ جەنگ کۆیان بکاتەوە، ئەوانەی ژمارەیان وەک لمی دەریایە.

9 بەسەر پانتایی زەویدا بڵاو بوونەوە و ئۆردوگای گەلی خودا، واتا شارە خۆشەویستەکەی خودایان گەمارۆ دا، بەڵام ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و هەڵیلووشین.

10 ئەو ئیبلیسەی چەواشەی دەکردن فڕێدرایە دەریاچەی ئاگر و گۆگرد، کە دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی لێیە. هەتاهەتایە شەو و ڕۆژ ئازار دەدرێن.


حوکمدانی مردووان

11 پاشان تەختێکی گەورەی سپیم بینی و ئەوەی لەسەری دانیشتبوو. ئاسمان و زەوی لەبەر ڕووی هەڵاتن، شوێنیان لە ئاسماندا نەما.

12 مردووەکانم بینی بە گەورە و بچووکەوە لەبەردەم تەختەکەدا ڕاوەستابوون و پەڕتووکەکان کرانەوە. پەڕتووکێکی دیکەش کە پەڕتووکی ژیانە کرابووەوە. مردووەکان بەگوێرەی کردەوەکانیان بەوەی لە پەڕتووکەکان نووسراوە حوکم دران.

13 دەریاش مردووەکانی ناوخۆی ڕادەست کرد، هەروەها مردن و جیهانی مردووان مردووەکانی خۆیان ڕادەست کرد و هەریەکە و بەگوێرەی کردەوەکانی حوکم درا.

14 مردن و جیهانی مردووان فڕێدرانە دەریاچە ئاگرەکە. ئەم دەریاچە ئاگرە مردنی دووەمە.

15 هەرکەسێک ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا تۆمار نەکرابوو، فڕێدرایە دەریاچە ئاگرەکە.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan