ئاشکراکردن 18 - كوردی سۆرانی ستاندهردکەوتنی بابل 1 پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو، زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە. 2 بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی: «کەوت! بابلی گەورە کەوت! بووە جێنشینی جنۆکەکان و پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان، پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو، پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون. 3 لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە. پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە، بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.» 4 گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو: «ئەی گەلی من لێی دەربچن، تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن، تاکو دەردەکانی نەگرن، 5 چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە. 6 سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە، لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە. 7 هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە، ئازار و خەمی بدەنێ، چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت: ”من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم، هەرگیز شیوەن ناگێڕم.“ 8 لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن، مردن و شیوەن و قاتوقڕی. بە ئاگریش دەسووتێت، خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات، بەهێزە. سێ جار قوڕبەسەری بۆ بابل 9 «پاشاکانی زەوی، ئەوانەی لەگەڵیدا داوێنپیسییان کردووە و لە ژیاندا خۆشیان ڕابواردووە، کاتێک دووکەڵی سووتانەکەی دەبینن بۆی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن. 10 لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن و دەڵێن: «”ئەی شارە مەزنەکە، قوڕت بەسەر، قوڕت بەسەر! ئەی بابل، شارە بەهێزەکە! چونکە لە کاتژمێرێکدا سزادانت هات.“ 11 «بازرگانانی زەوی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن، چونکە ئیتر کەس شتومەکیان لێ ناکڕێت، 12 شتومەکی زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و مرواری، کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و حەریر و قرمز، هەموو دارێکی بۆندار و هەموو شتێکی دروستکراو لە عاج و هەموو قاپێک لە داری گرانبەها، بڕۆنز و ئاسن و مەڕمەڕ، 13 دارچین و بۆنوبەرام و بخوور و موڕ و لبان، شەراب و ڕۆنی زەیتوون و باشترین ئارد و گەنم، مەڕوماڵات، ئەسپ و گالیسکە و مرۆڤی وەک کۆیلە فرۆشراو.» 14 دەڵێن: «بەرهەمی شەیدای دڵت لە دەست چوو، هەموو دەوڵەمەندی و سەڵتەنەتت لێ بڕا و ئیتر هەرگیز نایاندۆزیتەوە.» 15 بازرگانانی ئەم شتانە کە بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون، لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن، دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن و 16 دەڵێن: «”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە، کە بە کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و قرمز پۆشرابوویت، بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابوویتەوە! 17 چونکە لە یەک کاتژمێردا دەوڵەمەندییەکی ئاوا لەدەست چوو!“ «هەموو کەشتیوانان و گەشتیاران و کرێکارانی نێو کەشتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دوور دەوەستن. 18 کاتێک چاویان بە دووکەڵی سووتانەکەی دەکەوێت، هاوار دەکەن و دەڵێن: ”چ شارێک وەکو شارە گەورەکەیە؟“ 19 خۆڵ بە سەری خۆیاندا دەکەن، بە گریان و شیوەنەوە هاوار دەکەن و دەڵێن: «”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە! ئەوەی هەموو خاوەن کەشتی دەریا بە سامانەکەی دەوڵەمەند بوون! لە کاتژمێرێکدا بەفیڕۆ چوو! 20 «”ئەی ئاسمان و گەلی پیرۆزی خودا و نێردراوان و پێغەمبەران پێی دڵشاد بن! چونکە خودا لە بەرژەوەندی ئێوە حوکمی ئەوی دا.“» دوایین کەوتنی بابل 21 ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی: «ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت، هەرگیز نادۆزرێتەوە. 22 ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا تێیدا نابیسترێت. هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە، دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت. 23 هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت، ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت. بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و هەموو نەتەوەکان بە جادووگەریی تۆ گومڕابوون. 24 تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.» |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.