زەبوورەکان 97 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 97 1 یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت، دوورگە زۆرەکان شادمان بن. 2 هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە، ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە. 3 ئاگر لەپێشیەوە، دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت. 4 بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە، زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی. 5 چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە، لەبەردەم پەروەردگاری هەموو جیهان. 6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت، هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی. 7 ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن، ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن. ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن. 8 سییۆن بیستی و شادمان بوو، کچانی یەهودا دڵخۆش بوون، بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان، 9 چونکە لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی، تۆ لە هەموو خوداوەندەکان پایەبەرزتری. 10 با دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری ببێتەوە، لەبەر ئەوەی گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت و لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات. 11 ڕووناکی لەسەر ڕاستودروستان دەدرەوشێتەوە و شادییش بۆ دڵڕاستەکان. 12 ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن، ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.