زەبوورەکان 96 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 96 1 گۆرانی بڵێن بۆ یەزدان، گۆرانییەکی نوێ، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ئەی هەموو زەوی. 2 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی ناوی بکەن، ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن. 3 لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن، لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی. 4 یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە، سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە، 5 چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە. 6 شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان، هێز و جوانی لە پیرۆزگاکەیدان. 7 ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن، ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن. 8 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، دیاری بهێنن و وەرنە ناو حەوشەی ماڵەکەی. 9 کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە، ئەی هەموو خەڵکی زەوی، لەبەردەمی بلەرزن. 10 لەنێو نەتەوەکان بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات! جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت، بە دادپەروەری حوکم بەسەر گەلاندا دەدات.» 11 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت، با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن، 12 با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن. ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان گۆرانی دەڵێن، 13 لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت، دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات، دادوەری جیهان دەکات، بە ڕاستودروستی، گەلانیش بە دڵسۆزی. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.