زەبوورەکان 77 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 77 بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف. 1 دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم، دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە بۆ ئەوەی گوێی لێم بێت. 2 لە ڕۆژی تەنگانەم ڕوو لە پەروەردگار دەکەم، بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت. گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە. 3 بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم، ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە. 4 پێڵووی چاوەکانمت گرت، شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا. 5 بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە، ساڵانی ڕابردوو. 6 شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە، ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت: 7 «ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەتمان دەکاتەوە؟ چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟ 8 ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟ ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟ 9 ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟ یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟» 10 ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە: دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.» 11 کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم، بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە. 12 لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە. 13 ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە. چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟ 14 تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە. 15 بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە، نەوەی یاقوب و یوسف. 16 ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی، کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان، بگرە قووڵاییەکان هەژان. 17 هەورەکان ئاویان ڕشت، هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە، هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە. 18 گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول، بروسکەکان دنیایان ڕووناک کردەوە، زەوی لەرزی و هەژا. 19 ڕێگات بە ناو دەریادایە، ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە، شوێن پێیەکانت نەزانران. 20 لەسەر دەستی موسا و هارون، وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.