زەبوورەکان 75 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 75 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «وێران مەکە»، زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک. 1 ئەی خودایە، ستایشت دەکەین، ستایشت دەکەین، چونکە ناوت نزیکە، خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن. 2 تۆ دەفەرمووی: «کات دیار دەکەم، بە ڕاستی دادوەری دەکەم. 3 کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن، منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم. 4 بە لووتبەرزان دەڵێم: ”لووتبەرز مەبن،“ بە خراپەکاران: ”هێزتان دەرمەخەن. 5 هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن، بە کەللەڕەقی مەدوێن.“» 6 نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا، نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە، 7 بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات، ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە. 8 جام بەدەستی یەزدانەوەیە، پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان، لەمە تێدەکات، هەموو بەدکارانی سەر زەوی لێی بخۆنەوە و هەتا خڵتەکەی بەتاڵی بکەن. 9 بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم، گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم، کە دەفەرموێت: 10 «هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم، هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.» |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.