زەبوورەکان 63 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 63 زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو. 1 ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت، گیانم تینووی تۆیە، جەستەم شەیدای تۆیە، لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو. 2 لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە. 3 لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە، لێوەکانم ستایشت دەکەن. 4 بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم، بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە. 5 گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ و چەوری، بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات. 6 لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم، بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە، 7 چونکە تۆ هاریکارم بوویت، لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم. 8 گیانم بە تۆوە بەندە، دەستی ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت. 9 بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن، بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە. 10 ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و دەبن بە خۆراکی چەقەڵ. 11 بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت، هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن، چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.