زەبوورەکان 60 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 60 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر گوڵی سەوسەنی پەیمان. پاڕانەوەیەکی داودە بۆ فێرکردن. کاتی شەڕکردنی لەگەڵ ئارامییەکانی میسۆپۆتامیا و ئارامییەکانی چۆڤا ، هەروەها کاتێک یۆئاب گەڕایەوە و لە دۆڵی خوێ دوازدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت. 1 ئەی خودایە، ئێمەت ڕەتکردەوە و ئێمەت شکاند، تۆ تووڕە بووی، ئێستا بمانگەڕێنەوە! 2 تۆ زەویت لەرزاند و شەقت کرد، شکاوییەکانی چاک بکەرەوە، چونکە لەرزۆکە. 3 کاتی سەختت نیشانی گەلەکەت دا، بادەی سەرگەردانیت پێمان نۆشی. 4 بەڵام بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئاڵات هەڵکرد، بۆ ئەوەی لە دژی تیری دوژمنان بشەکێتەوە. 5 بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە، بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت. 6 خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی: «بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و دۆڵی سوکۆت دەپێوم. 7 گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە، ئەفرایم کڵاوی منە، یەهودا داری دەسەڵاتی منە، 8 مۆئاب دەستشۆرمە، پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم، لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.» 9 کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟ کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟ 10 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟ 11 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە، چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە. 12 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین، هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.