زەبوورەکان 6 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 6 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە قیسارە بە شێوەی شیمینیت . زەبوورێکی داود. 1 ئەی یەزدان، لە کاتی تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە، لە کاتی تووڕەییت تەمبێم مەکە. 2 ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە داهێزراوم، ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چونکە ئێسقانەکانم ژان دەکات. 3 گیانم زۆر دەلەرزێت، هەتا کەی، ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ 4 ئەی یەزدان، بگەڕێوە و ژیانم ڕزگار بکە، بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربازم بکە، 5 چونکە مردوو ناتوانێت یادی تۆ بکات. لە جیهانی مردووان کێ ستایشت دەکات؟ 6 ئەوەندەم ناڵاند شەکەت بووم! هەموو شەوێک نوێنەکەم نوقومی فرمێسک دەکەم، جێگاکەم تەڕ دەکەم. 7 چاوەکانم لە خەفەتان کز بوون، بەهۆی دوژمنەکانمەوە بێهێز بوون. 8 ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە، چونکە یەزدان گوێی لە دەنگی گریانم بووە. 9 یەزدان گوێی لە پاڕانەوەم بووە، یەزدان نوێژم وەردەگرێت. 10 هەموو دوژمنەکانم بە توندی شەرمەزار و ڕیسوا دەبن، لەناکاو سەرشۆڕی دایاندەگرێت و شەرمەزار دەبن. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.