زەبوورەکان 52 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 52 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ. 1 ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟ ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا، بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟ 2 زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت، وەک گوێزانێکی تیژ وایە، خەریکی فێڵبازییە. 3 زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە، لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی. 4 حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە، ئەی زمانی فێڵباز! 5 بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات، دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت، ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان. 6 ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن، پێی پێدەکەنن و دەڵێن: 7 «ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی، بەڵکو پشتی بە زۆریی سامانەکەی بەستبوو، بە تێکشکاندنی کەسانی دیکە بەهێز بوو!» 8 بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم، هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم. 9 هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت، ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.