زەبوورەکان 46 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 46 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەکی کوڕانی قۆرەح لەسەر ئاوازی عەلامۆت . 1 خودا پەناگا و هێزمانە، لە تەنگانەدا زۆر بەهاناوە دێت. 2 بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت، ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە، 3 ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات، چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن. 4 ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا شاد دەکات، ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە. 5 خودا لە ناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت، لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت. 6 نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون، خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە. 7 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، خودای یاقوب پەناگامانە. 8 وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن، ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە. 9 جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان، کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات، گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت. 10 «هێوربنەوە، بزانن کە من خودام، لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە، لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.» 11 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، خودای یاقوب پەناگامانە. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.