Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

زەبوورەکان 42 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


کۆکراوەی بەشی دووەم زەبوورەکانی 42‏–72 زەبووری 42
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح

1 چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار، ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.

2 گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو. کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم؟

3 بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم، لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»

4 هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم: چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین، بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد، بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.

5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

6 گیانم خەمبارە لە ناخم، بۆیە یادت دەکەمەوە لە لای ڕووباری ئوردون، لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە، لە کێوی میچعارەوە.

7 قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات، بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە، هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.

8 بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات، بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە، نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.

9 خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم: «بۆچی لە یادت کردووم؟ بۆچی دەبێت بناڵێنم، بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»

10 بە تێکشکانی ئێسقانەکانم ناحەزانم توانجم تێدەگرن، بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»

11 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan