Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

زەبوورەکان 41 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


زەبووری 41
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

1 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی ئاوڕ لە هەژار دەداتەوە، یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕزگاری دەکات.

2 یەزدان دەیپارێزێت و ژیانی دەبووژێنێتەوە، لەسەر زەوی خۆشحاڵی دەکات و نایداتە دەست حەزی دوژمنەکانی.

3 یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە.

4 گوتم: «ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چارەسەرم بکە، چونکە گوناهم دەرهەق بە تۆ کردووە.»

5 دوژمنەکانم دەربارەی من قسەی خراپ دەکەن: «کەی دەمرێت و ناوی دەسڕێتەوە؟»

6 کاتێک یەکێکیان بۆ دیدەنیم بێت، بە درۆ قسە دەکات، بوختان لە دڵی کۆدەکاتەوە، کە دەچێتە دەرەوەش بڵاوی دەکاتەوە.

7 هەموو دوژمنەکانم چرپەچرپ دەکەن، پیلان دژم دەگێڕن، دەڵێن:

8 «دەردێکی کوشندە تەنگی پێ هەڵچنیوە، لەکوێ بکەوێ هەستانەوەی نابێت.»

9 تەنانەت ئەو برادەرە نزیکەشم کە متمانەم پێی هەبوو، ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد.

10 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، هەڵمستێنەوە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەمەوە.

11 بەمە دەزانم تۆ لێم ڕازیت، چونکە دوژمنەکەم هاواری سەرکەوتن ناکات بەسەرمدا.

12 بەهۆی ئەوەی من دروستم، تۆ پاڵپشتیم دەکەیت و لەپێش خۆت ڕامدەگریت، هەتاهەتایە.

13 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە هەتا هەتاهەتایە. ئامین و ئامین.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan