زەبوورەکان 29 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 29 زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە». 1 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن، ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان. 2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە. 3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە، خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات، یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات. 4 دەنگی یەزدان بە هێزە، دەنگی یەزدان بە شکۆیە. 5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت، یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت، 6 وا دەکات لوبنان وەک گوێرەکە ڕابکات و حەرمۆنیش وەک جوانەگای کێوی. 7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات بە بروسکە و تریسکەوە. 8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت یەزدان بیابانی قادێش دەلەرزێنێت. 9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە. لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!» 10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت، یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت. 11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت، یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.