زەبوورەکان 24 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 24 زەبوورێکی داود. 1 زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە، جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین، 2 چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە. 3 کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟ کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟ 4 ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت، ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و بە درۆ سوێند نەخوات. 5 لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت، لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن. 6 ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت، ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب. 7 ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن! ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە، هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە. 8 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟ یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە، یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ. 9 ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن! ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە! هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە. 10 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟ یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.