Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

زەبوورەکان 143 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


زەبووری 143
زەبوورێکی داود.

1 ئەی یەزدان، نوێژم ببیستە، گوێ لە پاڕانەوەم بگرە، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی خۆت وەڵامم بدەوە.

2 لەگەڵ خزمەتکاری خۆت مەکەوە دادگایی، چونکە کەس نییە لەبەردەم تۆ بێتاوان دەربچێت.

3 دوژمن ڕاوم دەنێت، ژیانمی بەرەو زەوی پێپەست کردووە، لەناو تاریکی داینیشاندووم وەک ئەوانەی دەمێکە مردوون.

4 ڕۆحم بێ ورە دەبێت، لە ناخمەوە دڵم دەبەسترێت.

5 ڕۆژگاری دێرین دێتەوە یادم، لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە، سەرنج دەدەمە کردارەکانی دەستت.

6 دەستم بۆ تۆ پاندەکەمەوە، گیانم بۆ تۆ وەک خاکێکی وشکە.

7 ئەی یەزدان، زوو وەڵامم بدەوە، ڕۆحم لەناودەچێت، ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، ئەگینا لەوانە دەچم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان.

8 با بەیانییان گوێم لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بێت، چونکە من پشت بە تۆ دەبەستم. ئەو ڕێگایەم پێ بناسێنە کە دەیگرمەبەر، چونکە گیانی خۆم بە تۆ دەسپێرم.

9 ئەی یەزدان، لە دوژمنەکانم دەربازم بکە، هانا بۆ تۆ دەهێنم.

10 فێرم بکە بە ڕەزامەندیی تۆ کار بکەم، چونکە تۆ خودای منی. با ڕۆحە چاکەکەت ڕێنماییم بکات لە زەوییەکی ڕاست.

11 ئەی یەزدان، لەبەر ناوی خۆت بمژیێنەوە، بە ڕاستودروستی خۆت گیانم لە تەنگانە دەربهێنە.

12 بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دوژمنانم دەمکوت بکە، هەموو ئەوانە لەناوببە کە تەنگم پێ هەڵدەچنن، چونکە من خزمەتکاری تۆم.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan