زەبوورەکان 138 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 138 بۆ داود. 1 بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم. 2 بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم، ستایشی ناوت دەکەم، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت، چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە. 3 ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت، ئازا و بوێرت کردم. 4 ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن، کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست. 5 گۆرانی بەسەر کارەکانی یەزداندا دەڵێن، چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە. 6 هەرچەندە یەزدان پایەبەرزە، دەڕوانێتە کەسی بێفیز و لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت. 7 ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت، دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم، بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت. 8 یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛ ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە، واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.