زەبوورەکان 115 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 115 1 بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا، بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت. 2 بۆچی نەتەوەکان بڵێن: «کوا، خودایان لەکوێیە؟» 3 خودامان لە ئاسمانە، هەرچی حەز بکات، دەیکات. 4 بتەکانیان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن. 5 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن، 6 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن، 7 دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن، پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن، دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە. 8 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن. 9 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. 10 ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. 11 ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. 12 یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات، بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت، بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت. 13 بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە، گەورە و بچووکیش. 14 با یەزدان هەر زیادتان بکات، ئێوە و منداڵەکانتان. 15 با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن، دروستکەری ئاسمان و زەوی. 16 ئاسمان ئاسمانی یەزدانە، زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە. 17 نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن، نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی، 18 بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. هەلیلویا! |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.