زەبوورەکان 11 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 11 بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. 1 من پەنا دەبەمە بەر یەزدان، ئیتر چۆن ئێوە پێم دەڵێن: «وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە، 2 چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و تیر دەخەنە بەر کەوان، بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن. 3 کاتێک بنچینەکان بڕووخێن، کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟» 4 یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی، تەختی یەزدان لە ئاسمانە، تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە. 5 یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە، بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە. 6 پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت، گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە. 7 لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و حەزی لە دادپەروەرییە، کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی دەکات. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.