زەبوورەکان 10 - كوردی سۆرانی ستاندهردزەبووری 10 1 ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟ بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟ 2 بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن، گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن. 3 کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات، داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات. 4 بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە، هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.» 5 هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە، لە حوکمەکانی خودا ناگات، ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت. 6 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت، هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.» 7 دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە، بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی. 8 لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت، خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان. 9 وەک شێر خۆی مات دەکات، خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان، بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات. 10 نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن، دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە. 11 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە، چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.» 12 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە، ستەملێکراوان لەبیر مەکە. 13 چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟ بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟» 14 بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت، لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە، ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ، تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت. 15 بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە، تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن. 16 یەزدان پاشایە هەتاهەتایە، نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن. 17 ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت، دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت، 18 بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان، تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.