سەرژمێری 17 - كوردی سۆرانی ستاندهردخونچەکردنی گۆچانی هارون 1 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و گۆچانیان لێ وەربگرە، بۆ هەر هۆزێک گۆچانێک، لە هەموو سەرۆکەکانیان بەگوێرەی هۆزەکانیان دوازدە گۆچان و ناوی هەریەکەیان لەسەر گۆچانەکەی دەنووسیت و 3 ناوی هارونیش لەسەر گۆچانی لێڤی دەنووسیت، چونکە بۆ هەر سەرۆک هۆزێک یەک گۆچانە. 4 لە چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، لەو شوێنەی لەگەڵتان کۆ دەبمەوە. 5 جا ئەو پیاوەی هەڵیدەبژێرم گۆچانەکەی چەکەرە دەکات، ئەوسا ئەو بۆڵەبۆڵەی نەوەی ئیسرائیل لەسەر خۆم کپ دەکەم کە لە دژی ئێوە دەیکەن.» 6 ئینجا موسا قسەی لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کرد، هەموو سەرکردەکان هەریەکە گۆچانێکیان دایێ، دوازدە گۆچان بەگوێرەی ژمارەی سەرۆک هۆزەکان، گۆچانەکەی هارونیش لەنێو گۆچانەکانی ئەوان بوو. 7 جا موسا گۆچانەکانی لەناو چادری پەیمان لەبەردەم یەزدان دانا. 8 بۆ بەیانیش موسا چووە ناو چادری شایەتی و بینی گۆچانەکەی هارون کە سەر بە بنەماڵەی لێڤییە چەکەرەی کردووە، خونچەی کردووە و گوڵی کردووە و بادەمی گرتووە و پێگەیشتووە. 9 جا موسا هەموو گۆچانەکانی لەبەردەم یەزدان بردە دەرەوە بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل، تەماشایان کرد و هەریەکە گۆچانی خۆی بردەوە. 10 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گۆچانەکەی هارون بگەڕێنەوە بەردەم سندوقی پەیمان، بۆ ئەوەی بپارێزرێت و یاخیبووان پەندی لێ وەربگرن. بەو شێوەیە چیتر بۆڵەبۆڵم بەسەردا ناکەن، تاکو نەمرن.» 11 موساش ئاوای کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد. 12 ئینجا نەوەی ئیسرائیل بە موسایان گوت: «ئێمە لەناوچووین و ون بووین، هەموومان ون بووین! 13 هەموو ئەوانەی لە چادری پەرستنی یەزدان نزیک دەبنەوە دەمرن، ئایا هەموومان لەناودەچین؟» |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.