Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

نەحەمیا 4 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


دژایەتییەکانی بنیادنانەوە

1 کاتێک سەنڤەلەت بیستییەوە کە ئێمە شووراکە بنیاد دەنێینەوە، ڕقی هەستا و زۆر تووڕە بوو، گاڵتەی بە جولەکەکان کرد.

2 لەبەردەم یاوەرەکانی و سوپای سامیرە قسەی کرد و گوتی: «ئەو جولەکە لاوازانە چی دەکەن؟ ئایا شووراکەیان چاک دەکەنەوە؟ ئایا قوربانی سەردەبڕن؟ ئایا بە ڕۆژێک تەواو دەبن؟ ئایا بەردەکان کە لەناو گردە خۆڵەکان سووتێنراون، دەیانژیێننەوە؟»

3 تۆڤییای عەمۆنیش لەلایەوە بوو و گوتی: «ئەوەی ئەوان بنیادی دەنێنەوە، ئەگەر ڕێوییەک سەربکەوێتە سەری دیوارە بەردەکەیان دەڕووخێنێت!»

4 «ئەی خودای ئێمە، گوێت لێ بێت، چونکە ئێمە سووکایەتیمان پێکرا. توانجەکانیان بەسەر خۆیاندا بگەڕێنەوە و با لە خاکی دیلیێتیدا تاڵان بکرێن.

5 تاوانەکانیان دامەپۆشە و گوناهەکانیان لەبەردەمتدا مەسڕەوە، چونکە ئەوان سووکایەتییان بە بیناسازەکان کردووە.»

6 جا شووراکەمان بنیاد ناوە و هەموو شووراکە هەتا نیوەی بە یەک گەیشت. گەلیش دڵیان لەسەر کارەکە بوو.

7 ئەوە بوو کاتێک سەنڤەلەت و تۆڤییا و عەرەب و عەمۆنی و ئەشدۆدییەکان بیستیانەوە کە چاککردنەوەی شووراکانی ئۆرشەلیم بەرەو پێش دەچوو، خەریک بوو بۆشاییەکان پڕ دەکرانەوە، زۆر ڕقیان هەستا.

8 جا هەموو پێکەوە پیلانیان گێڕا هەتا بێن و لە دژی ئۆرشەلیم بجەنگن و کێشەی بۆ بنێنەوە.

9 ئێمەش نزامان بۆ خودامان کرد، شەو و ڕۆژ پاسەوانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوان ڕاگرت.

10 لەو کاتەدا خەڵکی یەهودا گوتیان: «کرێکارەکان توانایان لەبەر بڕاوە، خۆڵەکەش زۆرە و ئێمەش ناتوانین شووراکە بنیاد بنێینەوە!»

11 ناحەزەکانیشمان گوتیان: «پێش ئەوەی بزانن و ببینن، دەچینە ناویان و دەیانکوژین، کارەکە ڕادەگرین.»

12 ئینجا ئەو جولەکانەی لە نزیکیانەوە نیشتەجێ بوون، دەیان جار هاتن و پێیان گوتین: «لە هەموو لایەکەوە دێن و هێرشمان دەکەنە سەر.»

13 ئیتر هەندێک لە گەلەکەم لە خوار شوێنەکەوە، لە پشت شووراکە، لە شوێنە بەرچاوەکان ڕاگرت، بەگوێرەی خێڵەکانیان بە شمشێر و ڕم و تیروکەوانەکانیانەوە گەلم ڕاگرت.

14 دوای ئەوەی کە سەیری بارودۆخەکەم کرد، هەستام و بە خانەدان و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «لێیان مەترسن، بەڵکو پەروەردگاری گەورە و سامناکم بهێننەوە بیرتان، لە پێناوی برا و کوڕ و کچ و ژن و ماڵەکانتان بجەنگن.»

15 دوای ئەوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە ئێمە زانیومانە و خودا پیلانەکەیانی پووچ کردووەتەوە، هەموو گەڕاینەوە بۆ شووراکە، هەریەکە بۆ سەر کارەکەی خۆی.

16 لەو ڕۆژەوە نیوەی خزمەتکارەکانم کارەکەیان دەکرد و نیوەشیان ڕم و قەڵغان و تیروکەوانیان هەڵگرتبوو و زرێیان پۆشیبوو، ئەفسەرەکانیش پشتگیری هەموو بنەماڵەی یەهودایان دەکرد.

17 بیناسازەکان لەسەر شووراکە بوون و ئەوانەی کە کەرەستەیان دەگواستەوە، بە دەستێک کارەکەیان دەکرد و بە دەستەکەی دیکەش چەکیان هەڵدەگرت.

18 بیناسازەکانیش هەریەکە شمشێرەکەی بە ناوقەدیەوە بەستبوو و بنیادی دەنا، ئەوەش فووی بە کەڕەنادا دەکرد لەتەنیشتم بوو.

19 ئینجا بە خانەدان و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «ئیشەکە زۆرە و بەربڵاوە، ئێمەش پەرتین لەسەر شووراکە لە یەکتر دوورین.

20 لەبەر ئەوە لەو شوێنەی گوێتان لە دەنگی کەڕەناکە بوو، بگەنە لامان بۆ ئەوێ، خودامان بۆمان دەجەنگێت!»

21 ئیتر ئێمە کارەکەمان دەکرد و نیوەیان لە بەرەبەیانەوە هەتا دەرکەوتنی ئەستێرەکان ڕمەکانیان لەدەست دەگرت.

22 هەروەها لەو کاتەدا بە هەموو گەلم گوت: «با هەریەکە لەگەڵ خزمەتکارەکەی لە ناوەڕاستی ئۆرشەلیم بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە شەو پاسەوانمان بن و بە ڕۆژیش کار بکەن.»

23 جا نە من و نە براکانم و نە خزمەتکارەکانم و نە پاسەوانەکانی دوای من، جلەکانمان دانەکەند، بەڵکو هەرکەسێک بە چەکەکەیەوە بۆ ئاوکێشان دەچوو.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan