میخا 5 - كوردی سۆرانی ستاندهردبەڵێنی دەرکەوتنی فەرمانڕەوایەک لە بێتلەحمەوە 1 ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە، چونکە گەمارۆ دراوین. بە گۆچان لە ڕوومەتی ڕابەری ئیسرائیل دەدەن. 2 «بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی ئەفراتە، هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی یەهودا بچووکیت، بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل، ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە، لە ئەزەلەوەیە.» 3 لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت، پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە بۆ لای نەوەی ئیسرائیل. 4 جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات بە هێزی یەزدان، بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی. جا بە ئاسوودەیی دەژین، چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی. 5 ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە، کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان. حەوت شوانی لەسەر دادەنێین، لەگەڵ هەشت میر. 6 بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو. بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات، کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان. 7 پاشماوەی یاقوب لەنێو چەندین گەل دەبێت، وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە، وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا، ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت. 8 پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان، لەنێو چەندین گەل، وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا، وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا، ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات، کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات. 9 دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن. 10 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و گالیسکەکانت تێک دەشکێنم. 11 شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم. 12 ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت. 13 بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت لە ناوەڕاستت، ئیتر کڕنۆش نابەیت بۆ دەستکردی دەستەکانت. 14 ستوونە ئەشێراکانت لەنێوتدا هەڵدەکێشم و شارەکانت وێران دەکەم. 15 بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.» |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.