Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

میخا 3 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


سەرزەنشتی ڕابەران و پێغەمبەران

1 گوتم: «ئەی سەرکردەکانی یاقوب، ئەی ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن. ئایا بۆ ئێوە نییە زانینی دادپەروەری؟

2 ئێوە کە ڕقتان لە چاکەیە و حەز لە خراپە دەکەن، پێستی گەلەکەم دادەماڵن و گۆشتیان لە ئێسکەکانیان جیا دەکەنەوە؛

3 ئێوە کە گۆشتی گەلەکەم دەخۆن، کەوڵیان دەکەن، ئێسکیان دەشکێنن، پارچەپارچەیان دەکەن وەک بۆ ناو مەنجەڵ، وەک گۆشتی ناو تاوە.»

4 ئینجا هاوار بۆ یەزدان دەکەن، بەڵام وەڵامیان ناداتەوە. لەو کاتەدا ڕووی خۆی لێیان دەشارێتەوە، لەبەر ئەو خراپانەی کردیان.

5 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «سەبارەت بە پێغەمبەرەکان، ئەوانەی گەلەکەم گومڕا دەکەن، بانگەوازی ئاشتی دەکەن بۆ ئەوانەی تێریان دەکەن، بەڵام جەنگ لە دژی ئەوانە بەرپا دەکەن کە تێریان ناکەن.

6 لەبەر ئەوە شەوێکتان بەسەردا دێت کە هیچ بینینێکتان بۆ ئاشکرا ناکرێت، تاریکییەکی بێ فاڵگرتنەوە. خۆر لە پێغەمبەرەکان ئاوا دەبێت، ڕۆژیان لێ تاریک دادێت.

7 پێشبینیکەران شەرمەزار دەبن، فاڵگرەوەکان ڕیسوا دەبن، هەموویان چاوەڕوویان نەماوە، چونکە خودا وەڵامیان ناداتەوە.»

8 بەڵام سەبارەت بە من، پڕم لە هێز، پڕ لە ڕۆحی یەزدان، لە دادپەروەری و پاڵەوانیێتی، تاکو یاخیبوونەکەی یاقوب بە خۆی ڕابگەیەنم، بە ئیسرائیلیش گوناهەکەی.

9 ئەی سەرکردەکانی بنەماڵەی یاقوب، ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەمە بگرن، ئێوە کە قێزتان لە دادپەروەری دەبێتەوە و هەموو ڕاستییەک خواروخێچ دەکەن،

10 ئێوە سییۆن بە خوێن بنیاد دەنێن و ئۆرشەلیم بە ستەم.

11 ڕابەرەکانی بە بەرتیل دادوەری دەکەن، کاهینەکانی بە کرێ خەڵکی فێردەکەن، پێغەمبەرەکانی بە پارە فاڵ دەگرنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پشت بە یەزدان دەبەستن و دەڵێن: «ئایا یەزدان لەنێوانماندا نییە؟ هیچ بەڵایەکمان بەسەردا نایەت.»

12 لەبەر ئەوە بەهۆی ئێوەوە سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت، ئۆرشەلیم کاول دەبێت، گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan