Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

لێڤییەکان 17 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


قوربانیکردن بەبێ ڕێوڕەسمی دیاریکراو

1 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

2 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەمە ئەو فەرمانەیە کە یەزدان فەرمانی پێدەدات و دەفەرموێت،

3 هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل گایەک یان بەرخێک یان گیسکێک لە ئۆردوگاکە یان لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سەرببڕێت و

4 نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەتا لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش بکات، ئەوا ئەو کەسە تاوانبارە لە خوێنڕشتن، خوێنی ڕشتووە، جا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی داببڕدرێت.

5 ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل چیتر قوربانییەکانیان لە دەشتودەر سەر نەبڕن و بیانهێنن بۆ بەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و لەلای کاهین پێشکەشی یەزدان بکەن، وەک قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدانیان سەرببڕن.

6 کاهینەکەش خوێنەکە بەسەر قوربانگاکەی یەزداندا دەکات لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و پیوەکەی بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە دەیسووتێنێت.

7 پێویستە لەمەودوا قوربانییەکان بۆ ئەو بتانە پێشکەش نەکەن کە لە شێوەی تەگە دروستکراون و لەشفرۆشیی ڕۆحییان بۆ دەکەن. ئەمە دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان لە نەوەکانیان.“

8 «هەروەها پێیان دەڵێیت: ”هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان ئەگەر قوربانی سووتاندن یان قوربانی بکات و

9 نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی بکات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.


خواردنی خوێن قەدەغەیە

10 «”هەروەها هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، ئەگەر خوێن بخوات، ئەوا ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە خوێن دەخوات و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم،

11 چونکە ژیانی بوونەوەر لە خوێندایە و من لەسەر قوربانگا بە ئێوەی دەدەم بۆ کەفارەتکردن بۆ گیانتان، چونکە خوێن کەفارەت بۆ ژیان دەکات،

12 بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێم: ’کەس لە ئێوە خوێن نەخوات و ئەو نامۆیەش کە لەنێوتاندایە خوێن نەخوات.‘

13 «”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، کە نێچیرێکی ڕاوکرد، ئاژەڵێکی کێوی یان باڵندەیەک لەوانەی دەخورێن، خوێنەکەی دەڕێژێت و بە خۆڵ دایدەپۆشێت،

14 چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، جا بە نەوەی ئیسرائیلم گوت: ’خوێنی هیچ بوونەوەرێک مەخۆنەوە، چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، هەرکەسێک بیخوات لە گەل دادەبڕدرێت.‘

15 «”هەرکەسێکیش ئاژەڵێکی مرداربووەوە یان نێچیرێک بخوات، هاوڵاتی بێت یان نامۆ، دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئینجا پاک دەبێتەوە.

16 بەڵام ئەگەر جلەکانی نەشوات و خۆی نەشوات، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.“»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan