Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

یونس 4 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


تووڕەبوونی یونس بەهۆی بەزەیی یەزدان

1 بەڵام ئەمە یونسی زۆر پەست کرد و ڕقی هەستا.

2 نزای بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئای ئەی یەزدان، ئایا ئەمە قسەی من نەبوو کە هێشتا لە خاکی خۆمدا بووم؟ لەبەر ئەوە هەوڵی هەڵاتنم دا بۆ تەرشیش، چونکە زانیم تۆ خودایەکی میهرەبانیت و بە بەزەییت، پشوودرێژیت و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زۆرە، لە خراپەهێنان بەسەر خەڵکی پاشگەز دەبیتەوە.

3 ئێستاش ئەی یەزدان، گیانم لێ بستێنە، چونکە مردنم باشترە لە ژیانم.»

4 یەزدانیش فەرمووی: «ئایا کارێکی باشە تووڕە بیت؟»

5 ئینجا یونس لە شارەکە چووە دەرەوە و لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە دانیشت، لەوێ کەپرێکی بۆ خۆی دروستکرد و لەژێر سێبەرەکەیدا دانیشت، بۆ ئەوەی ببینێت چی لە شارەکەدا ڕوودەدات.

6 یەزدانی پەروەردگاریش ڕووەکێکی ئامادە کرد و لەسەر یونس بەرزی کردەوە، هەتا ببێتە سێبەر لە سەری، بۆ ئەوەی لە خەمەکەی دەربازی بکات. یونسیش زۆر دڵی بە ڕووەکەکە خۆش بوو.

7 بەڵام خودا لە بەرەبەیاندا کرمێکی ئامادە کرد، کرمەکە لە ڕووەکەکەی دا و وشکی کرد.

8 لە کاتی خۆر هەڵاتندا خودا بایەکی ڕۆژهەڵاتی گەرمی ئامادە کرد، هەتاو لەسەری یونسی دا و گێژی کرد، ئەویش داوای مردنی بۆ خۆی کرد و گوتی: «مردنم باشترە لە ژیانم.»

9 خوداش بە یونسی فەرموو: «ئایا کارێکی باشە لەبەر ڕووەکەکە تووڕە بیت؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ، من ڕاستم. هەتا ئاستی مردن تووڕەم.»

10 یەزدانیش فەرمووی: «تۆ دڵت بە ڕووەکەکە سووتا کە پێوەی ماندوو نەبوویت و بەخێوت نەکردووە، بە یەک شەو بوو، هەر بە یەک شەویش لەناوچوو.

11 ئەی باشە نەینەوا، ئەو شارە مەزنە کە زیاد لە سەد و بیست هەزار کەسی تێدایە، ڕاستیان لە چەپیان جیا ناکەنەوە، هەروەها ئەو هەموو ئاژەڵە زۆرەش کە تێیدایە، دڵم پێیان نەسووتێت؟»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan