یونس 2 - كوردی سۆرانی ستاندهردنزای یونس 1 یونس لەناو سکی ماسییەکەوە نزای بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد، 2 گوتی: «لە تەنگانەمدا هاوارم بۆ یەزدان کرد، وەڵامی دامەوە. لەناو سکی جیهانی مردووانەوە هاوارم کرد، گوێت لە دەنگم بوو. 3 فڕێتدامە قووڵایی، لەناو جەرگەی دەریاکان، لافاو دەوری دام، شەپۆلەکانت بە لێشاو دایانپۆشیم. 4 گوتم: ”لەبەرچاوت دەرکرام، بەڵام دەگەڕێمەوە بۆ تەماشاکردنی پەرستگای پیرۆزت.“ 5 ئاو دەوری دام، تاکو ئەوەی ترس گەیشتە گیانم، قووڵایی دەوری گرتم، گیای دەریا لەسەرم ئاڵا. 6 هەتا بنی چیاکان شۆڕ بوومەوە، بۆ هەتاهەتایە لە زەوی بەندی کردم. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، بەڵام تۆ ژیانی منت لە جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە. 7 «ئەی یەزدان، کاتێک گیانم شەکەت بوو، تۆم بیرکەوتەوە، نزاکەم گەیشتە لات، بۆ پەرستگای پیرۆزت. 8 «ئەوانەی بتی پووچ دەپەرستن لە خۆشەویستی خودا بۆ خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە. 9 بەڵام من بە دەنگی ستایشەوە قوربانیت بۆ سەردەبڕم، ئەوەی نەزرم کردووە بەجێی دەهێنم. ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.» 10 ئینجا یەزدان فەرمانی بە ماسییەکە دا، ئەویش ڕشایەوە و یونسی فڕێدایە سەر وشکانی. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.