Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

ئەیوب 4 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


وەڵامی یەکەمی ئەلیفاز

1 ئینجا ئەلیفازی تێمانی وەڵامی دایەوە:

2 «ئەگەر یەکێک قسەیەک بکات دڵگران دەبیت؟ بەڵام کێ دەتوانێت لە قسەکردن ڕابوەستێت؟

3 لە یادت بێ تۆ ڕێنمایی زۆر کەست کردووە و دەستە شلبووەکانت توند کردووە.

4 قسەکانت ئەوانەی هەستاندەوە کە کەوتوون و ئەژنۆ لەرزۆکەکانت چەسپاند.

5 بەڵام ئێستا کە خۆت تووشی تەنگانە بوویت، ورەت بەرداوە، لەوەی کە بەسەر خۆت هاتووە، پەرێشان بوویت.

6 ئایا پشت بە لەخواترسییەکەت نابەستیت؟ ئایا بێ کەموکوڕییەکەت هیوابەخش نییە؟

7 «بەبیر خۆتی بهێنەرەوە، بێتاوانێکت بینیوە فەوتابێت، یاخود کەسە سەرڕاستەکان لەناوچووبن؟

8 وەک بینیوتە، ئەوانەی خراپە دەکێڵن و چەرمەسەری دەچێنن، خۆیان دروێنەی دەکەن.

9 بە هەناسەی خودا لەناودەچن و بە بای تووڕەییەکەی نامێنن.

10 مڕەمڕی شێر و دەنگی نەڕەی و کەڵبەی شێرەکان شکێنران.

11 شێر دەفەوتێت لەبەر نەبوونی نێچیر و بەچکەی شێرەکە پەرتەوازە دەبن.

12 «وشەیەک بۆ لای من دزەی کرد، گوێم چرپەیەکی بیست.

13 لە مۆتەکەی شەومدا کاتێک مرۆڤ خەوێکی قووڵ دەیباتەوە،

14 ترس و تۆقینێک منی داگرت و هەموو ئێسکەکانم لەرزین.

15 ڕۆحێک بە بەردەممدا تێپەڕی و مووەکانی لەشم مووچڕکەیان پێدا هات.

16 ڕاوەستا، بەڵام نەمزانی چی بوو، شێوەیەک لەبەرچاوم بوو، چرپەیەک و دەنگێکم بیست:

17 ”ئایا مرۆڤ لە خودا ڕاستودروستترە، یان پیاو لە بەدیهێنەرەکەی بێگەردتر دەبێت؟

18 ئەگەر خودا متمانە بە خزمەتکارەکانی نەکات و گومڕایی بخاتە پاڵ فریشتەکانی،

19 ئەی چەند زیاتر متمانە بە دانیشتووانی ناو خانووی قوڕ ناکات، ئەوانەی بنەچەیان لە خۆڵەوەیە و وەک مۆرانە پان دەکرێنەوە.

20 لەنێوان بەیانی و ئێوارەدا تێکدەشکێنرێن، بێ ئەوەی کەس ئاگای لێیان بێت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.

21 ئایا گوریسی ڕەشماڵەکانیان هەڵنەکێشراوە، تاکو بەبێ دانایی بمرن؟“

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan