Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

ئەیوب 11 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


وەڵامی یەکەمی چۆفەر

1 چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:

2 «ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین، یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆپاک دەبێت؟

3 ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات، یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟

4 بە خودا دەڵێیت ”باوەڕم بێگەردە و من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“

5 بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و

6 نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد، چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە، جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.

7 «ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟ ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بەتوانا؟

8 ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت، لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟

9 پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و لە دەریاش پانترە.

10 «ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟

11 بێگومان ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟

12 بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.

13 «ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،

14 ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،

15 ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و چەسپاو دەبیت و ناترسیت.

16 چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و وەک ئاوێکی تێپەڕیو یادی دەکەیتەوە.

17 ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.

18 دڵنیا دەبیت، چونکە ئومێدت هەیە، دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.

19 خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.

20 بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛ ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan