یەرمیا 1 - كوردی سۆرانی ستاندهرد1 پەیامی یەرمیای کوڕی حیلقیا، یەکێک لە کاهینانی شارۆچکەی عەناتۆت لە خاکی بنیامین. 2 فەرمایشتی یەزدانی بۆ دەهات، لە ساڵی سێزدەیەمینی پاشایەتی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا، 3 هەروەها لە ماوەی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، هەتا مانگی پێنجی ساڵی یازدەیەمینی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کاتی ڕاپێچانەکەی خەڵکی ئۆرشەلیم. بانگکردنی یەرمیا 4 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 5 «پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی، پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت، تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.» 6 بەڵام من گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، وتەبێژی لە توانامدا نییە، چونکە تەمەنم بچووکە.» 7 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «مەڵێ: ”تەمەنم بچووکە.“ بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت. 8 لێیان مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 9 ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم: «دڵنیابە، من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە. 10 ببینە، ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن، بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.» 11 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی یەرمیا، چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «چڵە بادەمێک دەبینم.» 12 یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکت بینی، چونکە من لەسەر فەرمایشتەکەم چاودێر دەبم بۆ ئەنجامدانی.» 13 دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «مەنجەڵێک دەبینم هەڵمی لێ هەڵدەستێت و ڕووی بەرەو باشوورە.» 14 یەزدانیش پێی فەرمووم: «لە باکوورەوە بەڵا بۆ هەموو دانیشتووانی خاکەکە دەبارێت. 15 خەریکم بانگەواز دەکەم بۆ هەموو نەتەوەکانی شانشینەکانی باکوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «جا پاشاکانیان دێن و هەریەکە و تەختی خۆی لە داڵانی دەروازەی ئۆرشەلیم دادەنێت، هێرش دەبەن بۆ سەر هەموو شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیم و بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا. 16 منیش حوکمەکانم بەسەریان ڕادەگەیەنم، لەسەر هەموو خراپەکانیان کە وازیان لێ هێنام و بۆ خوداکانی دیکە بخووریان سووتاند و بۆ دەستکردەکانی دەستی خۆیان کڕنۆشیان برد. 17 «تۆش بازووی خۆتی لێ هەڵبکە! هەستە و قسەیان لەگەڵ بکە سەبارەت بە هەموو ئەوەی من فەرمانت پێدەدەم. لێیان مەتۆقە، نەوەک لەبەردەمیان بتتۆقێنم. 18 من ئەمڕۆ تۆم کردووەتە شارێکی قەڵابەند و کۆڵەکەی ئاسن و دیواری بڕۆنز، لە دژی هەموو خاکەکە، پاشاکانی یەهودا، پیاوە گەورەکانی، کاهینەکانی و گەلی خاکەکە. 19 لە دژت دەجەنگن و دەرەقەتت نایێن، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.